shehid-amed.jpg

بۆ هەڤاڵ وداد ئامەد

 

هادى محەمەدى                           Hadi_m1974@yahoo.com

 

هەڤاڵ وداد لاى ئێمە بە کاک زانا ناسرابوو، یەکەم جار، هاوینى پار، هات بۆ لامان، ساکار، رووگەش و بێ غەل و غەش بوو، ئەو کات من نەمدەناسى دواتر زانیم خەڵکى سیلوانی(باکووری کوردستان) و لە رۆژهەڵاتى کوردستان زۆر چالاکى نواندووە و لە شارى کامیاران دەسگیر کراوە، بەڵام لەگەڵ یەکێ لە هاوبەندەکانى دیوارى زیندانى ئیتلاعاتى سنەیان کون کردووە و هەڵاتوون. دووهەم جار، پایزى پار، بنەماڵەى پێشمەرگەیەک هاتبوون بۆ هەواڵپرسى کوڕکەیان، تەلەفونمان بۆ کرد، خێرا هات بە دەنگمانەوە، لە بیرمە ئەو شەوە گوتمان کاک زانا لەگەڵمان مەشروب ئەخۆیتەوە ؟ وتى نا. وتمان تکایە بخۆوە خۆ ئێستا لە شاخ نیت. گوتى راستە لە شاخ نیم بەڵام ئوسول و پڕنسیپەکانم لەگەڵ دایە. سێهەم جار، زستانى پار، تەلەفوونى بۆ کردم وتى تۆزێ کارم پێتە، یەکترمان بینى، گوتى حکومەتى هەرێم1000 دانە کتێبمانى گرتووە، دەکرێ بە فڵان بەرپرس بڵێى با من بیبینم بەڵکوو کتێبەکان وەرگرمەوە، دەبێ بینێرمەوە بۆ ئێران. گوتم بەسەرچاو، من پێى دەڵێم بەڵام پێم وانییە بتبینێ. بەکورتى من بەو بەرپرسم گوت، بەڵام ئەو لە وڵامدا گوتى من نوێنەرى ئەوان نابینم. دواتر هەڤاڵ تەلەفوونى کردەوە، وتى چیت کرد؟ گوتم بەداخەوە، وتى نوێنەرى ئەوان نابینم. ئەوە دوا پێوەندى من و هەڤاڵ وداد بوو، بەڵام بە خۆم نییە هە یاران، مەرگى ناوەختى هەڤاڵ وداد ئامەد 3 رۆژە هەژاندوومى. لە کاتێک دا ئەوان بەمشێوەیە لەپێناو ماف و ناسنامەى نەتەوەیەک ئەسووتێن و گیانبازى دەکەن. حیزبەکانى باشوور و رۆژهەڵات مێشێکیان لێ میوان نییە، ئەوەیە ئاستى شعوور و هەستى ئینسانى نەتەوەیەک! شاملو لە شێعرێکدا دەڵى:

تۆ پیرانى شەمێکى کز و لەرزانى لەبەر بێ شەرمى زریان دا

ئێمەمانان خونیاگەرى میرێکى لەبیرکراوین لە نەزیلەیەکى رزیودا

 

 ئەو شێعرە مسداقى واقعى دۆخى ئێستاى گەلى کوردە، لە کاتێک دا هەڤاڵان وەک پیران (شوشەى چرا) پارێزگارى لە شەمى کزى خەبات و ئازادى دەکەن و ناهێڵن زریانى بێ شەرم و رسوا بیکوژێنێتەوە، ئێمەمانان لە باشوور بازاڕى عوکاز و میرانى عەرەب و عەجەم گەرم دەکەین! دۆخێکى تاڵ و تراژیکە هەیاران!

لێرەدا وەک وەفایەک ئەم شێعرە پێشکەش بە هەڤاڵ وداد و هەڤاڵانى تر دەکەم: 

  

 سروە ئاسا هەڵیکرد و

دارستانى پیرى لاواند.                

رێژنە ئاسا دایکرد و

قاقڕى تینووى خووساند.

قەقنەس ئاسا گڕى گرت و،

شەوەزەنگى شومى شڵەژاند.

 

سەردەمێک بوو

هەنیەى مزگەوت تاڵ و ڕوگرژ، تۆوى ترس و مەرگى دەچاند.

میحرابەکان ،

سیخناخى سام و ئەفسوون بوون.

مەنارەکان حەپەسابوون.

کەچى ئەم ئێوارەیە،

لێوى مێحراب بزەى دێت و

باڵاى مەنارە ورشەى دێ و

شەپۆل شەپۆل وشەى پرشنگ لە بڵندگۆوە باڵ دەگرێ و

بۆنى ئەوین دەپرووشێنێ.

*  *  *

بولبول ئاسا چریکاندى و

سروشت و چیاى عەتراوى کرد.

ژاڵە ئاسا گەشایەوە و

پایزى سەوز و سۆزاوى کرد.

کەحێل ئاسا حیلاندى و

ماینى مێژووى بارگاوى کرد.

بزەى سەوزى وەک کەرویشکەى مانگى گوڵان

"وشەکانى دانار دانار"

سیماى رەسەن

کەى بە هەستى من وەسف ئەکرێ؟

هەر کە دەهات کانى بزەى دەبزوت و

 گەڵاکان ریزیان دەبەست و

رەشبەڵەکى بێشەڵان بوو

چاوگەى عشق و کێڵگە خەون و

هەوینى ئاوەدانى بوو

تفەنگەکەى ملکەچى وشەکانى بوو.

 

بروسکە ئاسا شریخاندى و

چیاى ترسى وەلەرزە خست.

قەقنەس ئاسا توایەوە و

"عەواڵان"ى لە بزەخست.

 

 

 گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه‌ ئێره‌ کلیک بکه

تکایه‌ ئیشاره‌ بکه‌ن که‌ په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر کام بابه‌ته‌

مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه‌ ، به‌‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته‌ ئازاده‌


هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت      Copyright © 2004-2006 , www.helwist.com