|
هادى
محەمەدى
Hadi_m1974@yahoo.com
زیندانى تاناتووس
پێشکەش بە فەرزاد کەمانگەر، عدنان حەسەنپوور،
عەدنان قادرى
جاران گەر کەسێکتان دەگلان
من
بە شێعرێ دەملاواندن
ئەى
ئێستاکە من گلاوم
داخم کەس هەس بملاوێنێ؟
شیرینەکەم
پرووشەى تاڤگەى ئەوینەکەم
گەر
بزانى، لەم شەوە کرمۆژنەدا،
"تاناتووس"، خوداى مەرگ،
چلۆن کەلەبچەى کردووم
بە
چۆڕاوگەى ئەسرینەکان
دەریاى ئەسرین دەبارێنى.
دەستەکانم
ئەو
دەستانەى ئاشقى لیمۆکانت بوون
ئەو
دەستانەى پرۆمتە ئاسا
تیشکیان ئەدزى بۆ شەوگارى مرۆڤایەتى
ئەمێستاکە
لە
ژێر زەختى کەلەبچەدا
تۆسقاڵ تۆسقاڵ دادەڕزێن
یان
کەلەبچەکە دادەڕزێ؟
* * *
لێم
دەپرسن:
بۆچى لە بەر مانگەشەو
شێعر ئەخوێنێ؟
بۆچى رووبار ئەلاوێنێ؟
بۆ
دارستان رادەژێنى؟
بۆچى دەریا لە خەوى قووڵى ئەفسوونى هەڵدەستێنى؟
بۆچى بە تاریکى پەستى؟
بۆ
لەنێوان شەو و تیشکا پرد ئەبەستى؟
بۆچى دڵ بەستەى ئەوینى؟
بۆچى ئاشناى ئەسرینى؟
* * *
چ
بۆشایەکى سامناک
لە
نێوان من و ئەو دایە
من
سەوز ئەدوێم
ئەو
ڕەش ئەبیە
من
لە بێوڵەتترین ئاقار
دڵى
شەیدام داگیرساندووە
ئەو
لە زەنوێرترین هەرێم
گوڵى ژینى ژکاندووە!
چ
بۆشایەکى سامناک
لە
نێوان من و ئەو دایە!
* * *
دەموت: داخم جارێکیتر، باى ئازادى
سەر
و قژم داڵۆزکێنێ؟
یان
لە شەوێکى شێدارا
وردە باران جگەرەکەم دەخووسێنێ!
دەموت و دەموت
دەموت: داخم جارێکیتر پرووشە و تیشکى خەندەى تاڤگە
بە
روخسارمدا دەپژێ؟
یان
هەست و سۆزم باڵدەگرێ و
مانگەشەو لە شێعرم دەڕژێ؟
دەموت و دەموت
دەموت: داخم جارێکیتر
بە
کەوانەى کۆلکە زێرینەدا
هەڵدەزنێم و دادەگەڕێم؟
یان
لەنێو کەوانەى مانگ
لۆرکا ئاسا ئارام دەگرێم؟
دەموت و دەموت
دەموت: داخم لەم زیندانى تاناتووسە
نهێنیەکان شەقڵنەشکاو ڕادەگوێزم؟
لە
گێژەنى ژان و ئازار
ئابڕووى ئەڤین دەپاریزم؟
دەموت و دەموت
*
* *
بیرپشکنان وەک مێشە سەگانە
سمنج و سڵپۆتن
بەخێرایى دێن و دەچن...
دیسان دێن و
شارە زەردەواڵەى پرسیارەکان دەورووژێنن
پرسى چقڵ و پرسى نەشتەر
چزووى تانە و چزووى تەشەر
لە
جەرگ و هەناو ڕۆدەکەن
کەچى تۆ هەروا وەستاوى
پرسیارەکان وەک چڵە تووڕک
لە
مێشک و دەمار وەردەبن
مێشک و مژى دەڕووشێنن
دەمارەکان دەپچڕێنن
کەچى هەروا نەستوو ماوى!
لەناکاوێک تەرزەى پرسیار وشک دەبێ و
بێدەنگییەک هەرەس دێنێ...
لەپڕ قەرەهێڵى پرسیارێک:
-"زەردەشت کێ یە؟"
بەڕواڵەت دەڵێى نازانى
بەڵام لە دەروون شڵەژاوى.
دیسان گەردەلوولى پرسیار
-"وارتان زمانت بگەڕێ
زەردەشت کێ یە؟"
بەڕواڵەت دەڵێى نازانى
بەڵام لە دەروون شڵەژاوى
پاشان لەبەر خۆوە دەڵێى:
زەردەشت: پێغەمبەرى خوشەویستى و مرۆڤدوستى
لە
قامووسى زەردەشت:
مرۆڤ لوتکەى شاخە، خواى سروشتە، زەوى و ئاسمان لە
ئاست ئەو دەستەمۆن، مەستى شەرابى موغانە، سرودى
گاتاکان دەچڕێ، هەتا نیچە شەیدا ببێ.
کەچى لە قامووسى ئێوە
مرۆڤ: زەبوون، سەرشۆڕ، ڕسوا!
* * *
کزەى جەرگە سووتاوەکەم
برین بە بەرینى دنیا
برین بە قووڵایى دەریا
جەرگ و هەناوى تەنیوم
دەروون گێژەنى ناسۆرە و
دەمخواتەوە و دەیخۆمەوە
ئاخو لەم شەڕ شوومەدا
من
سەردەکەوم یا ناسۆر؟
* * *
هەندێ جار
وردە بیریک بە مێشکتدا ختۆرە دەکا:
"بڵى ئەرێ و رزگارت بێ"
لە
ناکاوێک "ژمژیەى ژان لە کاکێشانى قورسى جەستەتدا
لەم
ئاسۆوە تا ئەو ئاسۆ دەشریخێنێ:
ژاژ مەدە
ئەوە منم دەسەڵاتى چارەنووست لە
سەر زەوى دەسەلمێنم
ئەوا هەرمان لە نێو جەستەى
تێکشکاوت چاو هەڵدێنێ
هەتا بۆ پشتاوپشت ناوت
سێحرئەفسونى پەیامێک بێ و
پرستیژى هەرد بکڕێتەوە
رسوایى مەرد بسڕێتەوە
بێجگە لەمە هیچ رێگایەکى تر نییە
ئەى چرکەسات
لەژێر دیانى ژانى هەرمان خۆڕاگرە"!
زیندانى ساحلى سنە، نوامبرى 2002
گهر بۆچوونێکت ههیه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکهن که پهیامهکهتان لهسهر
کام بابهته
مافی بڵاوکردنهوهی ئهم
بابهته بۆ ههڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سهرچاوه
کهڵک وهرگرتن لهم بابهته ئازاده
|