به
سازكردنی له‌شكری كوردستان پێش پارچه‌پارچه‌بوونی هێزی
پێشمه‌رگه و به‌شه‌ڕهاتنی ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌گرین. ئه‌و
له‌شكره ده‌توانێ پێش سه‌ره‌ڕۆیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كان
بگرێ.
جه‌عفه‌ری
حه‌سه‌نپور |
[به‌شی دووه‌م] ڕه‌شنووسی به‌رنامه‌ی حیزبی سۆسیالیستی كوردستان (كۆمه‌ڵه) و به‌رنامه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی كوردستان (كۆمه‌ڵه)
2- كورته و ئاكام
ناسیۆنالیست، فێمینیست، ژینگه‌پارێز، سۆسیالیست و كۆمۆنیسته
دیموكراته‌كانی كوردستان ده‌توانن و ده‌بێ هاوكاری و پرۆژه‌ی
هاوبه‌شیان هه‌بێ. سۆسیالیست و كۆمۆنیسته‌كانی كوردستان ناسیۆنالیزمی
دیموكراتانه قبوڵ ده‌كه‌ن و چونكه كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ته
تێكۆشان بۆ ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت،
پارله‌مان و ئه‌رته‌شی كوردستان، وه‌ك چه‌ند ئه‌ركی گرینگی خۆیان
ده‌زانن. باڵی سۆسیالیسته دیموكراته‌كانی ك.ش.ز.ك. (ئێران) ده‌توانن
خۆیان به‌هێز بكه‌ن و ئه‌و ڕێكخراوه له بیروڕای لیبڕاڵی و به‌پارێزانه
دوور بكه‌نه‌وه و حیزبی سۆسیالیستی كوردستان (كۆمه‌ڵه)
پێك‌بێنن.باڵی كۆمۆنیسته دیموكراته‌كانی ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) ده‌توانن خۆیان له بیروڕای كۆمۆنیستی شۆڤێنیستانه‌ی فارس ڕزگار بكه‌ن و حیزبی كۆمۆنیستی كوردستان (كۆمه‌ڵه) دروست بكه‌ن. له ڕه‌وتی پێكهاتن و كاتی پێكهاتن ئه‌و دوو ده‌سته‌یه ده‌توانن پێكه‌وه هاوكاری زۆر نزیكیان هه‌بێ. باشترین شێوه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و دوو حیزبه له نێوه‌وه و "به خه‌باتی بیروڕای ئاشكرا" گه‌شه بكه‌ن و ببنه دوو حیزبی تازه. جیابوونه‌وه له باڵه كۆنه‌كان وه‌ك ئاخر چاره ده‌بێ چاوی لێبكرێ.
2-1- پێشه‌كی
ئه‌و ڕه‌شنووسه له‌پێشدا له دیمانه‌ی 2006.10.19دا بڵاوبووه‌ته‌وه و لێره‌دا به هێندێك ئاڵوگۆڕه‌وه بڵاویده‌كه‌مه‌وه. باسه‌که له سێ بابه‌تی گه‌وره پێكهاتووه، A: خاڵه‌گشتییه‌كان، ناسیۆنالیست، سۆسیالیست و كۆمۆنیسته‌كان، B: به‌رنامه بۆ فێمینسیت و ژینگه‌پارێزه‌كانی كوردستان، C: به‌رنامه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
ڕه‌شنووسه‌كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و وتارانه‌ی خۆمه كه تا ئێستا له ماڵپه‌ڕه‌كانی دیمانه و ئاستافی و پلاتفۆرمی نه‌ته‌وه‌ییدا بڵاوبوونه‌وه. له به‌شێك له باسه‌كانی سه‌باره‌ت به كوردستان له پلاتفۆرمی نه‌ته‌وه‌یی (به‌رنامه‌ی كۆن) كه‌ڵكم وه‌رگرتووه.
پێموایه هێزه دیموكراته‌كان واتا ناسیۆنالیست، سۆسیالیست، كۆمۆنیست، فێمینیست و ژینگه‌پارێزه دیموكراته‌كان پێویستیان به به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه كه لایه‌نه جیاوازه‌كانی كار و تێكۆشانی ئه‌وان باس بكا و گۆڕه‌پانه‌كانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان به زمانێكی ساكار بخاته‌پێش چاو. ئه‌و پێشنووسه نابێ وه‌ك نووسراوه‌یه‌كی ویشك چاوی لێبكرێ و ئه‌شێ بخرێته‌به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه و به پێداچوونه‌وه ڕێك‌وپێك تر بكرێ. له‌و ڕه‌شنووسه‌دا هێندێك له سه‌رچاوه‌كانم نه‌نووسیون به‌ڵام له وتاره ناوبراوه‌كانمدا ئه‌و كاره‌م كرد‌ووه و به‌هۆی ئه‌وه كه بۆ نووسینی به‌رنامه‌كه ماوه‌یه‌كی كه‌مم هه‌بوو و پێڕانه‌گه‌یشتم هه‌موو سه‌رچاوه‌كان بخه‌مه‌پێش چاو. له داهاتوودا كاتی پێداچوونه‌وه ئه‌و كاره "ده‌بێ" بكرێ.
پێش بڵاوبوونه‌وه له دیمانه، ڕه‌شنووسه‌كه‌م نارد بۆ چه‌ند باسكار و هه‌ڵسووڕاوی سیاسی كه دوای خوێندنه‌وه تێبینی زۆر وردیان هه‌بوو. ئه‌و تێكۆشانه‌ی ئه‌وان جێی ڕێز و پێزانینه؛ بۆچوونه‌كانیان ورده‌ورده بڵاوده‌كه‌مه‌وه. ئه‌و دۆستانه پێشنیاریان كرد‌ووه باسه‌كه له سیمینارێكیشدا پێشكه‌ش بكه‌م.
A: خاڵه گشتییه‌كان، ناسیۆنالیست، سۆسیالیست و كۆمۆنیسته‌كان
2-2-1- پێكهاتنی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتانه
ئـ) سیسته‌می پیاومه‌زنانه‌ی ده‌سمایه‌داری له‌و چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی دواییدا به‌سه‌ر دنیادا زاڵ بووه. كوردستان له ساڵه‌كانی دوای سه‌ده‌ی نۆزده‌ی عیساییدا ورده‌ورده به‌ره‌و ئاڵوگۆڕی ده‌سمایه‌دارانه چووه و ئه‌و گۆڕانه سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئاغاوه‌ت و عاشیره‌ته‌كانی كه‌مهێز كرد‌ووه و به‌ره‌به‌ره شێوه ژیانێكی تازه‌ی كردووه‌ته باو.
ب) چینی ده‌سمایه‌دار و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی له ڕه‌وتێكی تاریخیدا پێكهاتوون و پێكدێن (Thompson) و كه‌لتور، سیاسه‌ت و ئابووری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. تامسن زاراوه‌ی ڕوودان به‌كاردێنێ؛ پێیوایه چین ڕوودانه. چینی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌روه‌ها له پێوه‌ندیدا پێكدێ.
پ) زیاتر له پێنج سه‌د ساڵه گه‌شه‌كردنی سه‌وداگه‌ری و ته‌كنیك له وڵاته ئه‌وروپایی‌یه‌كاندا هه‌بووه به‌هۆی ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كه‌لتوری. دوو نه‌خشه‌ی جیاواز بۆ گۆڕینی كۆمه‌ڵگه پێشكه‌ش كراون:
1) نه‌خشه‌ی نه‌ته‌وه‌سازكردن به شێوه‌ی شه‌ڕ و توندوتیژی
ده‌سمایه‌داره‌كان وڵاتێك و بازاڕێكیان پێویسته بۆ فرۆشتنی شتومه‌كی خۆیان. نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی‌یان پێویسته بۆ پاراستنی قازانجی چینایه‌تی خۆیان. كاتی پێكهاتنی چینی ده‌سمایه‌دار ناته‌بایی له‌گه‌ڵ چینی ده‌ره‌به‌گ و عاشیره‌ته‌كان وه‌دیارده‌كه‌وێ. ده‌سمایه‌داره‌كان نوێخوازن و ده‌ره‌به‌گه‌كان كۆنه‌په‌رست. كۆمه‌ڵگه‌ی كوتكوتكراوی ئاغاوه‌ت به كاری ده‌سمایه‌داران نایات. ئه‌وان وڵات و نه‌ته‌وه‌ی یه‌كپارچه‌یان ده‌وێ.
2) نه‌خشه‌ی نه‌ته‌وه و دنیای بێ سنوور سازكردنی ئارام و ئاشتیخوازانه
خوێنده‌واره‌كان و ده‌سته زۆرلێكراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه، واتا كرێكار، جوتیار و دامه‌زراوه‌كانی یانه‌كان و ژنان، ... زوو له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌سمایه‌داره‌كان ڕاوه‌ستان. تیۆریی ناسیۆنالیزم، سۆسیالیزم و فێمینیزم و ژینگه‌پارێزی دیموكراتانه كه‌مكه‌م دانرا و بووه بیروڕای به‌شێك له‌و چین و ده‌ستانه. ئه‌و ده‌ستانه‌ش نایانه‌وێ له وڵاتی كوتكوتكراوی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا بژین، به‌ڵام ئه‌وان باوه‌ڕیان به نه‌ته‌وه‌سازكردنی هێمنانه و ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمه و پێیان وایه كه نه‌ته‌وه‌كان ده‌بێ ورده‌ورده به‌ره‌و دنیایه‌كی بێ سنوور بڕۆن. ته‌نانه‌ت ده‌سمایه‌داره‌كانیش سنوور لاده‌به‌ن. بۆوێنه ده‌وڵه‌ته لیبڕاڵ و به‌پارێزه‌كانی ئه‌وروپا ماوه‌یه‌كه یه‌كێتیی ئه‌وروپایان پێكهێناوه و خه‌ریكن نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا سازده‌كه‌ن و سنووری وڵاته‌كانیان هه‌ڵگرتوون. دیاره ئه‌و سنوورهه‌ڵگرتنه به قازانجی كرێكاره‌كانیشه و ده‌توانن بۆ كاردۆزینه‌وه هاسانتر له وڵاتێك بچنه وڵاتێكی دیكه. به‌پێچه‌وانه كرێكاره‌كانی ئه‌فه‌ریقا و ئاسیا ده‌بێ به‌دزی بێنه ئه‌وروپا و زۆریان له ڕێیه له ده‌ریایه‌دا ده‌خنكێن و ناگه‌نه قه‌ڵای ئه‌وروپا.
ت) ده‌سمایه‌داره‌كان به خوێن و ئاور وڵاتی دیكه (بازاڕی دیكه) ده‌گرن. دیموكراته‌كان به یارمه‌تی تیۆریی ماف، جاڕی عاله‌می مافی مرۆڤ و به ئاشتی كۆمه‌ڵگه ده‌گۆڕن. تاریخی ده‌سمایه‌داری تاریخی خه‌باتی هێمنانه‌ی دیموكراته‌كانه له‌گه‌ڵ كۆنه‌پارێز، به‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاڵه‌كان.
ج) ماتریالیزمی تاریخی پێمان ده‌ڵێ: بیروڕای دیموكراتی "ده‌توانێ"، "مومكینه" به شێوه‌یه‌كی ئارام له كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌سمایه‌داریدا ئاڵوگۆڕ پێكبێنێ؛ واتا كارێكی وا له كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا نه‌ده‌كرا؛ ئه‌گه‌ر حه‌ولی بۆ نه‌ده‌ین ئاڵوگۆڕێكی وا ساز نابێت.
له سه‌رده‌می نوێ‌دا شێوه ژیان و بیروڕای دیموكراتانه له 1215ی عیسایی كاتی په‌سه‌ندكرانی "نه‌خشه‌ی گه‌وره" بۆ ئاڵوگۆڕ و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پاشای ئه‌نگلته‌ره به ناوی جان (King John) ده‌ستپێده‌كرێ. دیموكراته‌كان ورده‌ورده باسی ژیانی دیموكراتانه ده‌كه‌ن و تیۆرییه‌كه‌ی ده‌بیننه‌وه و گه‌شه‌ی پێده‌ده‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانان به‌بێ شه‌ڕ و به شۆڕشێكی ئارام بگۆڕن.
چ) له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا زوڵم و زۆر و ڕاوه‌ستان له به‌رامبه‌ریدا هه‌ڵده‌قوڵێ و چین و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه به شێوه‌ی جیاواز ژیانیان ده‌گۆڕن (ما‌كیاڤێلی و ماركس). ئه‌وان یان هێندێك له به‌نده‌كانی به‌رنامه‌ی دیموكراته‌كان به سه‌روگوێلاكشكاوی په‌سندده‌كه‌ن و یان له به‌رامبه‌ری ڕاده‌وه‌ستن. له‌و ڕه‌وته‌دا سێ هێزی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كه‌لتوری پێكهاتوون؛ ئه‌و هێزانه لاقێكیان له دنیای كۆندا و لاقێكیان له دنیای تازه‌دایه.
1. هێزه دیموكراته‌كان هه‌ردووك لاقیان له دنیای نوێدایه. ئه‌وان دایمه ده‌بێ بۆ دیتنه‌وه‌ی لاقه‌كانیان له لێكۆڵینه‌وه كه‌ڵك وه‌رگرن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جیاوازیی خۆیان له‌ته‌ك بیروڕاكانی دیكه "بناسن"، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بناسن.
2. هێزه به‌پارێزه‌كان به‌پێی قازانجی خۆیان و له‌ژێر زه‌ختی هێزه‌كانی دیكه‌دا هێندێك ئاڵوگۆڕ ده‌سه‌لمێنن. باڵێك له‌و هێزه به‌پارێزی توندوتیژن كه ته‌واو له به‌رامبه‌ر ئاڵوگۆڕدا ڕاده‌وه‌ستن. ئه‌و باڵه هه‌میشه به‌هێز نییه. دیواری چین ئه‌و باڵه و باڵی به‌پارێز لێك جیا ناكاته‌وه. به‌پارێزێك ده‌توانێ ببێته به‌پارێزی توندوتیژ.
3. هێزه لیبڕاڵه‌كان هێندێك له به‌رنامه‌ی دیموكراته‌كان ده‌سه‌لمێنن. ئه‌و هێزانه نێوانیان له‌گه‌ڵ به‌پارێزه‌كان خۆش نییه. به‌ڵام زۆر جار هاوكارییان ده‌كه‌ن. بۆوێنه دیموكراتییه‌كانی ڕۆژئاوا به هاوكاری ئه‌و دوو هێزه خۆیان له ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی پاراستووه.
4. هێزه ڕادیكاڵه‌كان ئه‌و لیبڕاڵانه‌ن كه ده‌ر‌فتیان پێ نه‌دراوه ژیانی خۆیان خۆش بكه‌ن.
ح) هێزه دیموكراته‌كان ورده‌ورده ده‌گه‌نه مه‌به‌سته‌كانیان و له شه‌ڕ كه‌ڵك وه‌رناگرن. ئه‌و هێزه له ڕه‌وتی خه‌باتی بیروڕا و له كرده‌وه‌دا جیاوازیی خۆی له‌ته‌ك هێزه‌كانی دیكه "ده‌بینێته‌وه" و نه‌خشه‌ی خۆی داده‌ڕێژێ و دێته گۆڕه‌پانی خه‌بات. ڕه‌وته‌كه دیاله‌كتیكانه و ماتریالیستانه‌یه. ڕادیكاڵه‌كان ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یان كردووه‌ته دین و شێوه بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئایدیالیستانه.
هێزه به‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاله‌كان جارجار له شه‌ڕ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه یان ده‌یانه‌وێ به‌زۆر جه‌ماوه‌ر وه‌پاش ده‌ن (به‌پارێزه‌كان) یان ده‌یانه‌وێ به شه‌ڕ "زووتر" به داخوازییه‌كانیان بگه‌ن. ئه‌گه‌ر دوژمن وڵاتێكی دیموكرات داگیر بكا، جه‌ماوه‌ر ده‌بێ به بایكۆتكردن و خه‌باتی مه‌ده‌نی تێكیشكێنن.
خ) ده‌سمایه‌دار، كۆنه‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاله‌كان دنیایان پڕكردووه له چه‌ك. پیشه‌سازانی چه‌ك و چه‌كفرۆشان دنیایان كردووه‌ته قه‌برستان و شینگه. هێزه دیموكراته‌كان به ته‌وای هێزیان ده‌بێ تێبكۆشن هێمنانه پیشه‌سازی شه‌ڕ لاواز بكه‌ن و له‌نێوی به‌رن.
د) باڵێك له به‌پارێزه‌كان فاشیست، نازیست و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانن. هێزه دیموكراته‌كان ده‌بێ ئه‌و هێزانه بناسن و خه‌بات له‌گه‌ڵ بیروڕای ئه‌وان بكه‌نه كاری ڕۆژانه‌ی خۆیان.
ده‌سته‌یه‌ك له‌و به‌پارێزانه فاشیسته ئیسلامییه‌كانن، بۆوێنه كۆماڕی ئیسلامی ئێران، حیزبوڵڵا و حه‌ماس (شۆڤێنیزمی ده‌وڵه‌تی ئیسراییل یه‌كێك له هۆیه‌كانی له‌دایكبوونی ئه‌و ڕێكخراوانه‌یه).
ر) دیموكراته‌كان شێوه‌ی هێمنانه ده‌كه‌نه باو. به‌ڵام كۆنه‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاڵه‌كان له‌پێشدا زۆر جار به توندوتیژی له به‌رامبه‌ریان ڕاده‌وه‌ستن و ده‌یانگرن و د‌ه‌یانكوژن.
ز) له هێندێك وڵات هێزه دیموكراته‌كان توانیویانه به‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاڵه‌كان وا لێبكه‌ن كه بۆ كێشه‌ی نێوخۆ له چه‌ك كه‌ڵك وه‌رنه‌گرن، بۆوێنه له وڵاته‌كانی ئه‌وروپا. دیاره ئه‌و سازانه كاتییه و مانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زعه پێوه‌ندی به هێزی دیموكراته‌كانه‌وه هه‌یه. بۆوێنه پاره‌كه بێكار و گه‌نجه‌كانی فه‌رانسه جووڵانه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییان وه‌ڕێخست و ده‌وڵه‌تی فه‌رانسه‌یان ناچار كرد پاشه‌كشه بكا. به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆ سه‌ركوتی ڕادیكاڵه‌كان كه‌ڵكی له هێزی له‌شكر و پۆلیس وه‌رگرت.
ژ) دیموكراته‌كانی كوردستان وه‌ك هه‌موو دیموكراته‌كانی دیكه‌ی دنیا قازانجی هاوبه‌شیان هه‌یه و دۆستی یه‌كترن و یارمه‌تی یه‌كتر ده‌ده‌ن.
س) من به دیموكراتی ڕۆژئاوایی ده‌ڵێم دیموكراتی لیبڕال- به‌پارێز. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه له‌و وڵاتانه ته‌نیا به‌شێك له مافه‌كان دابین كراون و ته‌واو دیموكراتانه نین. بۆوێنه ئازادیی ده‌ربڕینی بیروڕا هه‌یه به‌ڵام پیاوه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن ئیمكانی زیاتریان هه‌یه بۆ ده‌ربڕینی بیروڕای خۆیان به شێوه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب و ڕۆژنامه و لێكۆڵێنه‌وه. ده‌بێ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به شێوه‌ی شۆڕشێكی هێمنی دیكه بكه‌ینه ته‌واو دیموكراتانه. بۆوێنه ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌س: ژن، پیاو، ده‌سمایه‌دار، كرێكار،... به یه‌ك ئه‌ندازه ئیمكانی ده‌ربڕینی بیروڕایان بۆ سازكرێ. ده‌وڵه‌ته به‌پارێزه لیبراڵه‌كان له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌هۆی به‌هێزی هێزه دیموكراته‌كان له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان زۆریان پاشه‌كشه كرد‌ووه به‌ڵام له وڵاته‌كانی دیكه وه‌ك وڵاته‌كانی ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا و ئه‌مریكای لاتین، له‌و شوێنانه‌ی هێزه دیموكراته‌كان لاوازن، بۆ كردنه‌وه و ڕاگرتنی بازاڕی شتومه‌ك و چه‌ك زۆر جار له شێوه‌ی سه‌ركوت و شه‌ڕ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
ش) به وڵاتێكی وه‌ك ئێران ده‌توانین بڵێین دیكتاتۆری به‌پارێز- لیبڕاڵ، و وڵاتێكی وه‌ك چین دیكتاتۆری تاقه‌حیزب. ئه‌و سیسته‌مانه‌ش ورده‌ورده و به شۆڕشێكی ئارام ده‌توانن به‌ره‌و سیسته‌می دیموكراتی لیبڕاڵ- به‌پارێز بچن. بۆوێنه یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له تاقه‌حیزبییه‌وه بوو به چه‌ندحیزبی و سیسته‌مێكی لیبڕاڵ- به‌پارێز.
2-2-2- ئایدۆلۆژیا‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ
لێره‌دا چوار ئایدۆلۆژیا، تیۆری و سیاسه‌تی ناسیۆنالیست، سۆسیالیست، فێمینیست و ژینگه‌پارێزانه باس ده‌كه‌م.
2-2-2-1- ناسیۆنالیزم
ئـ) ئه‌و بیروڕایه تیۆری، سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیای چینی ده‌سمایه‌دار بووه و ده‌بێ. ئه‌و بیروڕایه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی‌یه، پیاومه‌زنانه‌یه و عاله‌می.
ب) سه‌رده‌می پێش ده‌سمایه‌داری: بیری دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می ئه‌ماره‌ته كورده‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده و هه‌ژده‌ی عیسایی و ئه‌حمه‌دی خانی. ده‌ره‌به‌گ و عاشیره‌ته‌كان ده‌یانه‌ویست ئه‌مپه‌راتورییه‌كی وه‌ك سه‌فه‌وی و عوسمانییه‌كان دامه‌زرێنن. ئه‌و حه‌وله له‌لایه‌ن دوو ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كه‌ی ئه‌وده‌م تێكشكا و كوردستان وێران كرا.
پ) سه‌رده‌می ده‌سمایه‌داری: له دواساڵه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده، بیروڕای ناسیۆنالیزم دێته‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییه‌وه. له‌پێشدا له كوردستانی ژێرده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان و له‌دوایه له كوردستانی خواروو و له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات. به‌پێی زانستی سیاسه‌ت كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ته.
ت) هێزی دژ به ناسیۆنالیزمی كورد شۆڤێنیزمی فارس، عه‌ره‌ب و توركه. ئه‌و شۆڤێنیزمه یان بیروڕای ده‌وڵه‌ته نێوه‌ندییه‌كانه یان بیروڕای حیزب و كۆڕه یار و نه‌یاره‌كانی ئه‌و ڕێژیمانه و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه. بۆوێنه حیزبی تووده و باڵی ئیبراهیمی عه‌لیزاده له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمه‌ڵه) دژی ناسیۆنالیزمی كورد و لایه‌نگری شۆڤێنیزمی فارسن. شۆڤێنیزمی فارس، عه‌ره‌ب و تورك مه‌به‌ستی به‌كۆمه‌ڵقڕكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورده و حاشا له نه‌ته‌وه‌بوونی كورد ده‌كا؛ پێش به سازبوونی بۆرژوازیی كورد و ده‌وڵه‌تی كورد و یه‌كگرتوویی كه‌لتور و زمانی كورد ده‌گرێ. شۆڤێنیسته‌كان زیاتر له سه‌د ساڵه خه‌ڵكه‌كانی توركیا، ئێران و عێراقیان فریوداوه و فێریان كردوون كه دژی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كان ڕاوه‌ستن. شۆڤێنیسته فارسه‌كان نه‌خشه‌یان داناوه بۆ سازكردنی یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك زمان. بۆوێنه له كوردستان قوتابخانه دانراوه به‌ڵام فێربوون و فێركردن به فارسییه.
ج) ناسیۆنالیزمی كورد وه‌ك هه‌موو ناسیۆنالیزمه‌كانی دیكه بووه‌ته چوار هێزی دیموكرات، به‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكال.
1) ناسیۆنالیسته دیموكراته‌كان بۆ وه‌ڕێخستنی ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و دامه‌زراندنی پارله‌مان و له‌شكری كوردستان تێده‌كۆشن. به‌پێی ئه‌و بیروڕایه، هێزی پێشمه‌رگه له هه‌ر چوار به‌شه‌كه ده‌بێ بكرێته له‌شكری كوردستان، له‌شكرێك كه له‌ژێر چاوه‌دێری پارله‌مانی كوردستاندا ده‌بێ؛ مافی خۆتێوه‌ردان له خه‌باتی مه‌ده‌نی نابێ و له‌ژێر چاوه‌دێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌وروپا پێكدێت. ئه‌و له‌شكره دوای ته‌واوبوونی ڕاپرسیی گشتی بۆ پاراستنی ده‌وڵه‌ت، پارله‌مان و خه‌ڵكی كوردستان له شاره‌كانی كوردستان داده‌مه‌زرێ. ئه‌و له‌شكره پێش ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و پێكهاتنی ده‌وڵه‌تی كوردستان له هیچ شه‌ڕێكدا به‌شداری ناكا مه‌گه‌ر به بڕیاری ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كاتی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
- هێزه دیموكراته‌كان حه‌ولده‌ده‌ن بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كاتی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
- هێزه دیموكراته‌كان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان له شه‌ڕ كه‌ڵك وه‌رناگرن.
2) ناسیۆنالیسته به‌پارێزه‌كان دابه‌ش ده‌كرێن به چه‌ند ده‌سته. ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به خودموختاری، فدڕالیزم یان سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه. به‌پێی پرۆگرامی حیزبه‌كان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حیزبێكی به‌پارێزی سێكولاره و پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق ڕێكخراوێكی به‌پارێزی ئیسلامی سه‌ر به عاشیره‌تی بارزانه.
- جاری وایه بۆ ده‌ركردنی داگیركه‌ران و لاوزكردنی هێزه كوردییه‌كانی دیكه له شه‌ڕ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
3) ناسیۆنالیسته لیبڕاڵه‌كان باوه‌ڕیان به خودموختاری، فیدڕالیزم و سه‌به‌خۆیی هه‌یه. ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران له 2000 ڕا تا كۆنگره‌ی یازده لیبڕال بووه و یه‌كێتیی نیشتمانی‌یش باڵی لیبڕاڵی هه‌یه.
4) ناسیۆنالیسته ڕادیكاڵه‌كان لیبڕاڵی به‌شخوراون و داخوازی ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تین. بۆوێنه كۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموكرات و ڕێبه‌ره‌كانی وه‌ك مه‌لا ئاواره، سوله‌یمانی موعینی و سمایلی شه‌ریفزاده.
5) به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی سۆسیالیست و كۆمۆنیسته شۆڤێنیسته‌كان ئێستا كورد له به‌شێك له كوردستان واتا كوردستانی خواروو (عێراق) ده‌وڵه‌ت، پاڕله‌مان و له‌شكری خۆی هه‌یه. نه‌ته‌وه‌ی كورد ئێستا له پله‌ی به‌هێزكردنی سیسته‌می لیبڕاڵ- به‌پارێزدایه. و ده‌بێ له سێ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌وڵه‌ت، پاڕله‌مان و له‌شكری كوردستان پێكبێ.
6) له پله‌ی ئێستادا هێزه لیبڕاڵ و به‌پارێزه‌كان فیدڕالیزمیان هه‌ڵبژاردووه و ده‌بێ هێزه دیموكراته‌كان هۆشیارانه له‌و پله به‌رگری بكه‌ن و سیاسه‌تی پشتیوانی و ڕه‌خنه‌یان هه‌بێ و ورده‌ورده كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی به‌رن.
7) سۆسیالیست و كۆمۆنیسته شۆڤێنیسته‌كانی عێراقی و ئێرانی به بایكۆتكردنی پاڕله‌مانی كوردستان زه‌ره‌رێكی زۆرریان له گه‌شه‌ی دیموكراتانه‌كردنی كۆمه‌ڵگه داوه؛ خۆیشیان بێ‌نرخ بوون. ئه‌وان ده‌یانتوانی به به‌شداری له پاڕله‌مانی كوردستان باسی باشكردنی ژینی كرێكارانی كوردستان بكه‌نه باسێكی گرینگی دیموكراتی و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و ئۆلیگارشی ماڵی ناچار بكه‌ن به پاشه‌كشه.
چ) چۆنییه‌تی سازكردنی له‌شكری كوردستان
به سازكردنی له‌شكری كوردستان پێش پارچه‌پارچه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه و به‌شه‌ڕهاتنی ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌گرین. ئه‌و له‌شكره ده‌توانێ پێش سه‌ره‌ڕۆیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كان بگرێ. له‌شكری كوردستان وه‌ك له‌شكری قوتابیان، كرێكاران و خه‌ڵكی ئاسایی كوردستان ده‌بێ؛ به شێوه‌ی بایكۆتكردن و قانونی له وڵاتی خۆی به‌رگری ده‌كا.
له‌شكری به‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاڵه‌كان له‌شكرێكی تایبه‌تییه كه له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی چه‌ك و پیشه‌سازی چه‌ك دانراوه و بۆ پاراستنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ده‌ستانه‌یه. به پێچه‌وانه له‌شكری دیموكراتانه‌ی كوردستان له‌شكری هه‌موو جه‌ماوه‌ره و بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر سه‌ربه‌رزیی دیموكراتێك دانراوه كه قه‌ت به‌زۆر كۆڵی پێنادرێ.
ئه‌ندامانی سه‌ربه‌رزی ئه‌و له‌شكره هه‌موو ڕۆژێ له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا له ژیانی خۆیاندا له به‌رامبه‌ر داگیركه‌ره‌كاندا ڕاده‌وه‌ستن. كاری به‌ڕێوه‌به‌ڕی له‌شكری كوردستان ڕێكوپێككردنی ئه‌و ڕاوه‌ستانه‌یه. له‌شكری كوردستان له زانسته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ بۆ به‌هێزكردنی خۆڕاگری.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و له‌شكره خۆ له چه‌كفرۆشه‌كان و چه‌كسازه‌كان دوور ده‌كاته‌وه و به یارمه‌تی باڵی سیاسی كه بۆ ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كاتی كوردستان تێده‌كۆشێ ڕێی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری بۆ ڕزگاری كوردستان خۆشتر ده‌كا.
سازكردنی له‌شكری كوردستان به‌شێك له ستراتیژیای سه‌ربه‌خۆیی دیموكراتانه‌یه.
نه‌ته‌وه‌كان نابێ ڕێبده‌ن به شۆڤێنیسته‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان و نابێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر
به‌شه‌ڕ بێن. به‌و شێوه‌یه به‌پارێز و لیبڕاڵ و ڕادیكاڵه‌كانیش كه‌مهێز ده‌بن و كه‌م كه‌م له سه‌رانسه‌ری دنیایه له‌شكری نه‌ته‌وه‌كان ده‌بێته هێزێك بۆ سازكردن نه‌ك وێرانكردن و مه‌رگ. به‌و شێوه كه‌م كه‌م شه‌ڕ له كه‌لتوری حیسانان هه‌ڵده‌گیرێ.
له وڵاته‌كانی ئه‌وروپا سنوور هه‌ڵگیراوه و نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا له‌ته‌ك یه‌كتر به‌شه‌ڕ نایه‌ن. دیاره له‌شكری ئه‌و وڵاتانه هه‌ر ماوه و له‌ده‌ست به‌پارێز و لیبڕاڵه‌كاندایه و پێوه‌ندیی هه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌كفرۆش و چه‌كسازه‌كان. به‌ڵام ئه‌زمونی ئه‌وروپا ئه‌وه نیشان ده‌دا كه "ده‌كرێ" نه‌ته‌وه‌كان یه‌كتر هه‌ڵنه‌دڕن. ئاگامان لێیه كه وڵاته‌كانی ئه‌وروپا ماوه‌ی سه‌دان ساڵ خه‌ریكی یه‌كتر كوشتن بوون.
2-2-2-2- سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم
ئـ) سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم تیۆریی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیای ڕزگاری چینی كرێكاره و بیروڕایه‌كی پیاومه‌زنانه‌یه. زانای سۆسیالیست، ولهێلم ڕایش، (Wilhelm Reich) ئاوا باسی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ ده‌كا: "ئه‌ڤین، زانیاری و كار سه‌رچاوه‌كانی ژیانمانن. ده‌بێت كاریگه‌رییه‌كی گرنگیشیان له‌سه‌ری هه‌بێت و ئاراسته‌ی بكه‌ن (ڕایش، ساڵ؟)." زاناكانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت زۆر لایه‌نی سۆسیالیزمی دیموكراتانه‌یان ڕوونكردووه‌ته‌وه. سه‌باره‌ت به‌و قوتابخانه‌یه به كوردی سه‌رچاوه كه‌مه. سه‌رچاوه‌یه‌ك له ماڵپه‌ڕی په‌رتووكدا هه‌یه. هێربێرت ماركیۆزه له كتێبی "مرۆڤی تاكڕه‌هه‌ندی"دا ڕه‌خنه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌سمایه‌داری ئه‌وڕۆ گرتووه كه ئینسانه‌كان وا لێده‌كا یه‌كلایه‌نه بیر بكه‌نه‌وه و بژین. ئه‌و ده‌سته باوه‌ڕیان به سه‌ربه‌خۆیی چینی كرێكار و ئه‌وه‌ی كه چینی كرێكار بۆخۆی خۆی دروست ده‌كا هه‌یه (بڕوانه Thompson).
سۆسیالیست و كۆمۆنیسته دیموكراته‌كان باوه‌ڕیان به شۆڕشی هێمنی سیاسی، ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتورییه و بۆ ناسینی لایه‌نی پیاومه‌زنانه‌ی بیروڕاكانیان له فێمینیزمی دیموكراتانه كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
ب) سۆسیالیست و كۆمۆنیسته‌كانی كوردستان
له باوه‌ڕی گشتیدا بیروڕای ئه‌و ده‌سته‌یه وه‌ك سۆسیالیست و كۆمۆنیسته‌كانی دیكه‌ی دنیا وایه. ئه‌و ده‌سته‌یه ده‌یه‌وێ كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌سمایه‌دارانه‌ی كوردستان بناسێ و هێمنانه به‌ره‌و ئاڵوگۆڕی به‌رێ. ئه‌و ده‌سته‌یه له كوردستان دژی شۆڤێنیزمی فارس، تورك و عه‌ره‌به. سۆسیالیست و كۆمۆنیسته دیموكراته‌كانی كوردستان باوه‌ڕیان به كۆمۆنیزم و سۆسیالیزمی لیبڕاڵی و شۆڤێنیستانه نییه و هه‌ربۆیه‌ش حیزبی كۆمۆنیست و سۆسیالیستی كوردستان دروست ده‌كه‌ن.
باڵی ساعید وه‌ته‌ندووست و باقی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی حه‌وت نه‌فه‌ره كه ئێستا له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمه‌ڵه) دان و باڵه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ك.ش.ز.ك. (ئێران) ده‌توانن ئه‌و ڕه‌شنووسه وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بخه‌نه‌به‌ر باس و له‌نێو ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) و ك.ش.ز.ك. (ئێران) ئاڵوگۆڕ سازكه‌ن.
1) كۆنگره‌ی دوازده‌ی ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) كۆنگره‌ی نابوتی سیاسه‌ت، ئایدۆلۆژیا و تیۆریی كۆمۆنیزمی شۆڤێنیستانه‌ی فارس
له‌و كۆنگره‌دا ئه‌و ڕێكخراوه به ئاشكرا ده‌بێته دژی دیموكراتی و نه‌ته‌وه‌ی كورد و به‌و شێوه خۆی گۆڕبه‌گۆڕ ده‌كا.
ئه‌لف: ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی كۆمۆنیزمی شۆڤێنیستانه‌ی ڕووسیا دامه‌زراوه. شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری 1917 له ڕووسیا شۆڕشی ورده‌بۆرژوازی و كرێكارانی ڕادیكاڵ بوو به دژی ڕێژیمی قه‌یسه‌ر. حیزبی كۆمۆنیستی ڕووسیا كه پێیوابوو خه‌ڵك مه‌ڕه و ڕابه‌ر شوان، ڕێكخراوه‌یه‌ك نه‌بوو كه بتوانێ ئاڵوگۆڕی هێمن و بنه‌ڕه‌تی درێژخایه‌ن له كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ڕێخا. ورده‌ورده سۆسیالیزمی شۆڤێنیستانه بوو به به‌شێك له سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته. كۆمۆنیزمی شۆڤێنیستانه بیروڕایه‌کی ئایدیالیستانه و سه‌ره‌ڕۆیانه‌یه كه حاشا له ناسیۆنالیزم ده‌كا و شێوه‌لێكدانه‌وه‌كه‌ی حوكمییه. ناسیۆنالیزم و كۆمۆنیزمی دیموكراتانه دوو ئایدۆلۆژیای ماتریالیستانه‌ن كه شێوه‌توێژینه‌وه‌ی وه‌سفیان هه‌یه.
ب: ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) به شێوه‌یه‌كی ئایدیالیستانه پرسی دانانی پارله‌مانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات باس ده‌كا و له سازكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ڕێی ڕاپرسیی گشتی بۆ دانانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی جیاده‌كاته‌وه. ئه‌و ڕێكخراوه شۆڤێنیسته فارسه له بنه‌ڕه‌تڕا دژی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی كورده. ڕابه‌رانی ئه‌و حیزبه ده‌یانه‌وێ كۆماری ئیسلامی بڕوخێنن و دژی ئاشتین و له كرده‌وه‌دا یارمه‌تیده‌ری باڵی به‌پارێزی توندوتیژیی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپان و له قسه‌شدا باسی"سۆسیالیزم" و "خه‌باتی دژی ئه‌مپه‌ریالیزم" ده‌كه‌ن. به قه‌ولی جۆرج ئۆروێل، لای ئه‌وان شه‌ڕ یانی ئاشتی. هه‌ڵبژاردنی ئازاد له ئێران له‌ژێر چاوه‌دێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌دیلی دیموكراتانه‌یه.
پ: ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) حاشا له نه‌ته‌وه‌بوون و ناسیۆنالیزمی كورد ده‌كا، سووكایه‌تییان پێده‌كا و سه‌ریان هه‌ڵده‌قه‌نێ و مه‌یته‌كه‌یان پێشكه‌شی كرێكاره‌كانی كوردستان و شۆڤێنیسته فارسه‌كان ده‌كا. ده‌وڵه‌ته شۆڤێنیسته‌كانی ئێران، عێراق، توركیا و سوریه‌ش حاشا له نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن و خه‌ریكی له‌نێوبردنین. كۆمۆنیسته شۆڤێنیسته‌كانی ڕووسیه له سه‌رده‌می ستالین هه‌ر به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان ده‌جووڵانه‌وه و له زۆر باره‌وه وه‌ك نازیسته‌كانی ئاڵمان ده‌چوون كه خه‌ریكی به‌كۆمه‌ڵكوشتنی نه‌ته‌وه‌كان بوون. كۆمۆنیزمی دیموكراتانه ناسیۆنالیزم وه‌ك ڕه‌وتێكی سیاسی ده‌بینێ و هێمنانه كرێكاران هۆشیار ده‌كاته‌وه.
ت: ڕابه‌رانی ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) ئه‌وه ناسه‌لمێنن كه ڕێكخراوه‌یه‌ك به ناوی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران "هه‌یه". كۆمۆنیستێكی ڕادیكاڵ نه‌یاره‌كان "نابینێ". سووكایه‌تییان پێده‌كا و ڕێ خۆش ده‌كا بۆ له‌نێوبردنیان و كه‌ڵكوه‌رگرتن له توندوتیژی. به پێچه‌وانه كۆمۆنیستێكی دیموكرات نه‌یاره‌كان ده‌بینێ، به یارمه‌تی تیۆری و لێكۆڵینه‌وه و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زانستگه‌كان خۆی و ئه‌وان ده‌ناسێ و ئاشتی، خۆشه‌ویستی، زانست و كار ده‌كاته بنه‌ڕه‌تی ژیانی خۆی.
ج: به‌پێی قانونی بنه‌ڕه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی فارسه كه پله یه‌كه و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه به فه‌رمی نه‌ناسراون و له‌و یاسایه‌دا ته‌نیا باسی زمانه‌كانی "خه‌ڵكی ناوچه‌كان" و "قه‌وم"ـه‌كان (فارسی: زبانهای محلی و قومی) كراوه. عه‌لیزاده‌ش ته‌نیا ئه‌و ئێرانه به فه‌رمی ده‌ناسێ و ده‌یه‌وێ بیكاته سۆڤیه‌تی دووه‌م و "ناوچه‌ی كوردستان" له‌نێوبه‌رێ. بۆیه ڕیشه‌ی شۆڤێنیزمی ئیسلامی و سۆسیالیزمی شۆڤێنیستانه له خاكی پاكی دنیای كۆندایه.
چ: هۆی یه‌كه‌می گه‌شه‌نه‌كردنی بیروڕا له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات سه‌ره‌ڕۆیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانه و هۆی دووه‌م ڕێبه‌رایه‌تی براگه‌ورانه‌ی ڕێكخراوه سیاسییه كوردییه‌كان. ئه‌و ڕابه‌رانه ڕێكخراوه‌كانیان تووشی وێستاو‌بوون و كه‌مجووڵانه‌وه‌یی كرد‌ووه و دوو دوژمنیان داتاشیوه: دوژمنی نێوخۆ، واتا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ده‌ڵێن "نا" و دوژمنی ده‌ره‌وه، واتا ئه‌و خوێنده‌واره سه‌ربه‌خۆیانه‌ی كه نه‌خێرگۆن. جیاوازیی ك.ش.ز.ك. ئێران و ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) له‌وه‌دایه كه له‌وه‌ی یه‌كه‌میان به‌هۆی شه‌ش ساڵ لیبڕالیزم و هۆشیاربوونه‌وه‌ی ئه‌ندامان، ده‌یان كه‌س به‌دژی سه‌ره‌ڕۆیی هه‌ڵده‌ستێ، و له‌وی دووه‌میان تازه ده‌نگی ئازادی ده‌بیسترێ و ڕابه‌ره زۆرداره‌كان به‌هێزترن.
ح: یه‌كێك له هۆیه‌كانی مانه‌وه‌ی دوورودرێژی ڕێژیمێكی وه‌ك كۆماری ئیسلامی ئێران سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته لیبڕاڵ و به‌پارێزه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكایه كه شتومه‌ك و چه‌كفرۆشتن وه‌پێش دیموكراتیكردن ده‌خه‌ن. لێدان له‌و ڕێژیمه درێژه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه.
ح.ك. ئێران (كۆمه‌ڵه) كه جیاوازبیره‌كانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه به‌دنێو ده‌كا و دژی ناسیۆنالیزمی كورده، ده‌یه‌وێ به شه‌ڕ كۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ و حكومه‌تێكی ڕادیكاڵی كۆمۆنیستانه و شۆڤێنیستانه‌ی فارس له ئێران دامه‌زرێنێ. به‌دیلی دیموكراتانه شۆڕشی هێمنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵبژاردنی ئازاده له ئێران و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سێكولار كه مافی جیابوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان ده‌سه‌لمێنێ.
2- كۆنگره‌ی یازده‌ی ك.ش.ز.ك. (ئێران) كۆنگره‌ی نابوتی سیاسه‌ت، ئایدیۆلۆژیا و تیۆریی سۆسیالیزمی لیبڕاڵی
ده‌توانین بڵێین كه تا پێش كۆنگره‌ی یازده‌ی ئه‌و ڕێكخراوه، سۆسیالیزمی لیبڕاڵی زال بوو. كاتێك ڕابه‌ری نه‌یتوانی چی دیكه ڕێكخراوه‌كه به‌ڕێوه‌به‌رێ ڕێبازی سۆسیالیزمی به‌پارێز و سه‌ركوتی هه‌ڵبژارد.
ئه‌لف: ئه‌وه‌ی كه (ك.ش.ز.ك. ئێران)ی تووشی وێستان و نه‌زۆكی كرد‌ووه بیروڕای سۆسیالیزمی تواوه‌ی لیبڕاڵی فارسه كه "ناتوانێ" و "نایه‌وێ ببینێ" جووڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستانه‌ی كورد بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی‌یه. سكرتێری كۆمه‌ڵه و هاوڕێكانی زۆر جار وه‌ك براگه‌وره‌یه‌ك بیرده‌كه‌نه‌وه كه ده‌یه‌وێ خانه‌واده‌كه‌ی بپارێزێ. ئه‌وان خه‌باتی بیروڕا وه‌ك دووبه‌ره‌كی سازكردن ده‌بینن و ده‌یانه‌وێ له‌نێو ماڵدا له‌گه‌ڵ براكان و چاره‌سه‌رێك بۆ گیروگرفته‌كان ببینه‌وه. هه‌ربۆیه‌شه له ڕێكخراوه‌ی وادا باسی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ئازاد قسه‌یه. شوێنی وا گۆڕێكه بۆ ئه‌ندامان.
ب: له (ك.ش.ز.ك. ئێران) دا هه‌روه‌ك حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمه‌ڵه) سووكایه‌تی به ناسیۆنالیزمی كورد ده‌كرێ. له سۆسیالیزم هه‌ر ئێسك و پروسكه‌كه‌ی ماوه و نه‌یانهێشتووه فێمینیزم بچێته نێو پڕۆگرامی ڕێكخراوه‌كه‌یان و ژینگه‌پارێزی دیموكڕاتانه ونه. كۆنگره‌ی یازده‌ی ڕێكخراوه‌ی یه‌كه‌م و كۆنگره‌ی دوازده‌ی ڕێكخراوه‌ی دووه‌م نیشانیان دا كه پێش گه‌شه‌ی بیروڕای تازه ده‌گیرێ. هێزه دیموكراته‌كان ده‌بێ ده‌ست بكه‌ن به كاری سه‌ربه‌خۆ و بیروڕای خۆیان بنووسن و بڵاوی بكه‌نه‌وه و خۆیان وه‌ك ڕه‌وتێكی تازه بناسێنن.
پ: سۆسیالیزمی لیبڕاڵیی دوێنی و به‌پارێزی ئه‌وڕۆ‌ی ك.ش.ز.ك. (ئێران) كه كورد وه‌ك پله‌دوو داده‌نێ "نه‌یتوانیوه" و "ناتوانێ" ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له‌نێو ڕێكخراوه‌كه‌یدا ساز بكا. بیركردنه‌وه‌ی باڵی سۆسیالیستی به‌پارێز ئایدیالیستانه‌یه و میكانیكی و پرسی گۆڕینی پێڕه‌و و به‌رنامه جیا ده‌كاته‌وه له ئاڵوگۆڕ له ته‌شكیلات. ئه‌و باڵه باسی ئاڵوگۆڕ له پێڕه‌و و پڕۆگرام "ون" و "فه‌رامۆش" ده‌كا. بۆچوونی دینامیك و دیاله‌كتیكی ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵه پێویستی به ئاڵوگۆڕی "هه‌مه‌لایه‌نه"یه و "ده‌بێ" باسی گۆڕینی پێڕه‌و و پڕۆگرام بخرێته نێو به‌رنامه‌ی خۆئاماده‌كردن بۆ كۆنگره. ئه‌و خه‌باته "ده‌بێ" به ئاشكرا بێ نه‌ك به نهێنی.
ت: پێش كۆنگره‌ی یازده‌ی (ك.ش.ز.ك. ئێران) كۆمه‌ڵه واتا له ساڵی 2000 تا 2006، باڵی كورده سۆسیالیسته تواوه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه زۆرتر سیاسه‌تێكی لیبڕالییان سه‌باره‌ت به سۆسیالیست، ناسیۆنالیست، فێمینیست و ژینگه‌پارێزه‌كان هه‌بوو. له‌و شه‌ش ساڵه‌دا ئاڵای ئه‌و دیموكراته‌كان ده‌شه‌كایه‌وه و لیبڕاله‌كانی لاواز ده‌كرد. به وته‌ی ئه‌وان له 2006دا وای لێهات كه "پاراستنی یه‌كڕیزی" واتا گوێڕایه‌ڵی ئه‌ندامان زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه و خۆیان ده‌بنه خاوه‌نی ده‌نگ و كه‌سایه‌تی و چی دیكه گوێ ناده‌نه برا گه‌وره‌كان. ئه‌و باڵه له‌و ساڵه‌ڕا ڕێبازی به‌پارێزبوون و به‌پارێزبوونی توندوتیژی هه‌ڵبژرادووه. هاوینی پاره‌كه سۆسیالیسته تواوه‌كان خۆیان حازر كرد و كۆنگره‌یه‌كیان پێكهێنا بۆ "پاراستنی یه‌كڕیزی" و بێده‌نگی كردنی هێزه دیموكراته‌كان. خۆڕاگری له‌پێش كۆنگره و له‌نێو كۆنگره‌كه‌دا و تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه و هه‌ر به‌هێز تر ده‌بێ.
2-2-3- شێوه‌ی گۆڕینی كۆمه‌ڵگه
ئـ) دنیا له گۆڕینی دایمدایه. دیموكرات، لیبڕال، به‌پارێز و ڕادیكاڵه‌كان دنیایه ده‌گۆڕن به‌ڵام شێوه‌ی گۆڕینی ئه‌وان جیاوازه. گۆڕینی دیموكراتانه به‌بێ لێكدانه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه و شێوه‌ی وه‌سفی "ناكرێ". دیموكراته‌كان دنیا ئه‌و جۆره‌ی هه‌یه ده‌بینن و به شێوه‌ی وه‌ڕێخستنی دیالۆگ زانستی خۆیان قووڵتر ده‌كه‌ن. سۆسیالیستی دیموكرات پاولۆ فرێر (Paulo Freire) باسی شێوه‌ی لێكدانه‌وه و فێربوونی دیالێكتیكی ده‌كات و باوه‌ڕی به‌وه‌یه كه ئاكارناسی، پراكسیس و دیالۆگ پێوه‌ندیی نزیكیان پێكه‌وه هه‌یه؛ دیالۆگی ڕاسته‌قینه، پراكسیسێكی ئینسانانه نیشان ده‌دات. دیالۆگ وێككه‌وتنی ئینسانانه له دنیادا بۆ ناولێنان. ناولێنان ڕه‌وتی گۆڕانه؛ گه‌ڕانی به‌شه‌ره بۆ لێحاڵیبوون و گۆڕان (بڕوانه، حه‌سه‌نپور).
دیموكراته‌كان له زانست و زانسته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ڵكوه‌رده‌گرن. فێری ده‌بن و به‌كاری دێنن. زانسته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێلایه‌ن نین. تیۆریی دیموكراتانه له دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌و تیۆرییانه‌ی لایه‌نگری به‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاڵه‌كانه، گه‌شه ده‌كا.
دیموكراته‌كان له پیلان، درۆ و شه‌ڕ كه‌ڵك وه‌رناگرن، سیاسه‌تێكی ئاشكرایان هه‌یه و نه‌ترسانه باسی ده‌كه‌ن. دیموكراته‌كان له ماتریالیزمی تاریخی و دیالێكتیك كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و دایمه بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی بیروڕای خۆیان لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن و فه‌لسفه و شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی خۆیان له‌لای ئایدیالیسته‌كان داده‌نێن و باسی جیاوازییه‌كانیان ده‌كه‌ن.
ژیانی دیموكراتانه كارده‌كاته‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و مۆسیقا و ... و گه‌شه‌یان پێده‌دا. دیموكراته‌كان له دیالۆگدا جیاوازیی هونه‌ری به‌پارێز و دژی ژن ئاشكرا ده‌كه‌ن، هونه‌رێك كه پارێزه‌ری ژیانه و بۆ سستكردنی جه‌ماوه‌ر نییه. بۆوێنه جۆرج ئۆروێل له چیرۆكه درێژه‌كه‌یدا به ناوی 1984 دنیای كۆنه‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاله‌كان نیشانده‌دا و ده‌ڵێ له‌وێ خۆشویستن و ڕه‌فیقایه‌تی نه‌ماوه. جان لێنۆن له گۆرانیی "وا خه‌یال بكه" (Imagine) باسی دنیایه‌كی بێ شه‌ڕ ده‌كا كه به‌شه‌ر له‌وێدا به شادی ده‌ژی.
دیموكراته‌كان زانكۆی سه‌ربه‌خۆ داده‌مه‌زرێنن و خۆیان و خه‌ڵكی دیكه فێری زانست ده‌كه‌ن. نووسین و لێكۆڵینه‌وه كارێكه و دیموكراته‌كان فێری ده‌بن. بۆ جێبه‌جێكردنی كێشه‌كانی نێوخۆ له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆوێنه له زانستی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوه‌كان و كێشه‌ناسین كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
دیموكراته‌كان ژیانی فره‌حیزبی و ئامرازه گشتییه‌كانی ڕاگه‌یاندن گه‌شه پێده‌ده‌ن. ئه‌وان باوه‌ڕیان به سیسته‌می حیزبی لێنینانه و سانترالیزمی دیموكراتانه نییه و پێیان وایه گه‌وره‌ترین پارێزه‌ری ئازادیی سیسته‌می چه‌ندحیزبی و ئازادیی ده‌ربڕینی بیروڕایه.
2-2-4- پێوه‌ندیی دیموكراته‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه
هێزه دیموكراته‌كان "ئیمكان"ی گۆڕینی عادڵانه و هێمنانه‌ی دنیایی‌یان هه‌یه. ئه‌وان ده‌بێ به‌چیكڵدانه بن، پێوه‌ندیی دۆستانه‌یان هه‌بێ له‌گه‌ڵ هێزه به‌پارێز، لیبڕال و ڕادیكاله‌كان. دیموكراتێك له ژیانی خۆی، له ماڵ و شوێنی كار و ژیانی خۆی ده‌توانێ و ده‌بێ كار بكاته‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه. ده‌بێ حه‌ول بدا ئه‌و جۆره بژی كه خۆی باوه‌ڕی پێیه و بۆ ئه‌و شێوه ژیانه ده‌بێ هه‌میشه دیالۆگی هه‌بێ له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی شێوه ژیانه‌كانی دیكه.
دیموكراته‌كان ده‌بێ نمونه‌ی خۆشه‌ویستی، ڕه‌فیقایه‌تی و تێكۆشان بن و دایمه به دیالۆگ جیاوازیی خۆیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه "ببیننه‌وه".
B: به‌رنامه بۆ فێمینسیت و ژینگه‌پارێزه‌كانی كوردستان.
2-3- فێمینیزم
فێمینیزم تیۆری، سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنانه و بیروڕایه‌كی عاله‌مییه. فێمینیسته‌كان كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ساز ده‌كه‌ن كه له‌وێدا به‌رهه‌مهێنان له خزمه‌ت گه‌وره‌كردنی منداڵ و ئاگالێبوون له بنیاده‌می به‌ته‌مه‌ندایه.
فێمینیسته‌كانی كوردستان وه‌ك فێمینیسته‌كانی دیكه‌ی دنیایه حه‌ول ده‌ده‌ن هۆیه‌كانی زوڵم له ژنان ببیننه‌وه و ئه‌و سته‌مه هه‌ڵگرن. ئه‌و ده‌سته ده‌بێ حیزبی فێمینیستانه‌ی كوردستان سازكه‌ن. چونكه كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ته، ئه‌و فێمینیسته دیموكراتانه تێده‌كۆشن بۆ ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت، پارله‌مان و ئه‌رته‌شی كوردستان. دانانی ده‌وڵه‌ت، پارله‌مان و له‌شكری كاتی كوردستان یه‌كێكی دیكه له ئه‌ركه‌كانیانه. ئه‌و شێوه ناسیۆنالیزمه باشترین هه‌لومه‌رج ساز ده‌كا بۆ دابینكردنی ستراتیژیای سیاسیی فێمینیستانه.
2-4- ژینگه‌پارێزی
ژینگه‌ی ئێمه و گیانله‌به‌ره‌كانی دیكه به‌هۆی به‌كارهێنان بۆ قازانجی بێبه‌زه‌ییانه به‌ره‌و وێرانی ده‌چێ. هێندێك له ژینگه‌پارێزه‌كان ئه‌و پرسه و پرسی دیكه‌یان باس كرد‌ووه و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كرد‌ووه. بیروڕای ژینگه‌پارێزی هێمنانه‌ی سیاسی بۆ سازكردنی دنیایه‌كه كه له‌وێدا به‌شه‌ر پاراستنی خۆی و گیانله‌به‌ری دیكه و خۆرسكی له‌به‌رچاوه و به‌رهه‌مهێنان ده‌كاته خزمه‌تكاری دنیایه‌كی شین و زیندوو و جوان.
دیاره له كوردستانیش ژینگه‌پارێزه‌كان وه‌ك هه‌موو شوێنێكی دیكه سیاسه‌تی پاراستنی ژیان ده‌كه‌نه ڕێبازی خۆیان. ئه‌و ده‌سته‌یه ده‌بێ حیزبی ژینگه‌پارێزی كوردستان ساز بكه‌ن. چونكو كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ته، ئه‌و ژینگه‌پارێزه دیموكراتانه تێده‌كۆشن بۆ ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت، پارله‌مان و ئه‌رته‌شی كوردستان. دانانی ده‌وڵه‌ت، پارله‌مان و له‌شكری كاتیی كوردستان یه‌كێكی دیكه له ئه‌ركه‌كانیانه.
C: به‌رنامه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
2-5- تایبه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورد
زۆر به‌كورتی ده‌توانین بڵێین قۆناغی یه‌كه‌می دانانی ده‌وڵه‌تی كورد له سه‌ده‌ی حه‌ڤده و هه‌ژده‌ی عیسایی و سه‌رده‌می ئه‌ماره‌ته كوردیییه‌كاندا بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كوردستان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و عاشیره‌تی بوو و كورده‌كان ده‌یانه‌ویست وه‌ك سه‌فه‌وییه‌كان و عوسمانییه‌كان بكه‌ن و ئیمپه‌راتۆری دانێن. قۆناغی دووه‌م: شۆڕشی ناسیۆنالیستانه و نوێی كورد له ساڵه‌كانی دوای سه‌ده‌ی نۆزده‌ی عیسایی‌ڕا ده‌ستیپێكردووه. ده‌توانین به‌و سه‌رده‌مه بڵێین سه‌ره‌تاكانی ده‌سمایه‌داریبوونی كوردستان له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا كوردستان بووه‌ته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌سمایه‌داری و كورد بووه‌ته نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ت. له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات عاشیره‌ت و ئاغاوه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان نه‌ماوه و بۆرژوازی، ورده‌بۆرژوازی، كرێكار، جوتیار و ژنان بوونه هێزی ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی. پێویسته ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كوردستان پێكبێ بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی زووتر و هاسانتر به‌ره‌و دامه‌زراندنی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و دیموكراتی وه‌ك وڵاته ئه‌وروپاییه‌كان ببات.
2-5-1-دۆزینه‌وه‌ی بیری كۆمه‌ڵگه وده‌وڵه‌تی دیموكراتی كوردستان
لێره‌دا ئاماژه ده‌كه‌م به‌و بابه‌تانه كه ده‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێن. بیروڕای دیموكراتانه له‌پێشدا له وڵاته‌كانی ئه‌وروپا گه‌شه‌ی كرد و دوایه هاته كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه.
2-5-1-1- بیروڕای دیموكراتانه له ئه‌وروپا
تیۆری چۆنییه‌تی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتانه‌ی بۆرژوازی له‌لایه‌ن فرانسوا فوره (Francois Furet) ڕێك‌وپێك كراوه. ئه‌و تێكۆشانه‌ی بیروڕا هه‌نگاوێكی گرینگی دیكه‌یه بۆ سازكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێ. بۆوێنه له فه‌رانسه سه‌د ساڵی كێشا (1770-1880) تا ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانێك سازبێ كه مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان بپارێزێ و سه‌ره‌ڕۆ نه‌بێ.
2-5-2-1- په‌یدابوونی بیروڕای دیموكراتانه له كوردستان و فاكته‌ره وه‌پاش و وه‌پێشده‌ره‌كانی
خوێنده‌واره كورده‌كان بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵه‌كانی دوای سه‌ده‌ی نۆزده‌ی عیسایی له توركیای عوسمانی له‌گه‌ڵ بیروڕای ناسیۆنالیزم و مافه‌كانی مرۆڤ ئاشنا ده‌بن.
2-5-2-2--له‌دایكبوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد و كوردستانی نوێ
خوێنده‌وار و خه‌ڵكی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمه ناوه‌ندییه‌كانی ئێران‌دا بوون له چه‌ند ڕێگه‌وه له‌گه‌ڵ پاراستنی ماف و دیموكراتی ئاشنا ده‌بن. من لێره‌دا ته‌نیا ده‌گه‌مێ ئاماژه بكه‌م به سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و بیر و بۆچوونه.
ئه‌لف: خوێنده‌واره‌كانی كوردی ڕۆژهه‌ڵات كه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له توركیا ده‌ژیان ئاشنا بوون به ژیان له كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ.
ب: شۆڕشی قانونی بنه‌ڕه‌تی ئێران له 1905دا یه‌كێكی دیكه له سه‌رچاوه‌كانی ئاشنابوون به بیروڕای دیموكراتی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه. گه‌رچی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی (مه‌جلیسی) ئێران ته‌نیا یه‌ك، دوو جار دیموكراتانه بووه، خه‌ڵك شاره‌زا بوون كه مافی ناردنی نوێنه‌ری خۆیان هه‌یه بۆ پارله‌مان.
پ: له‌ڕێگه‌ی دامه‌زران و كاركردن له یانه، بانك، نه‌خۆشخانه و قوتابخانه سێكولاره‌كانی ڕێژیمی ئێران له كوردستان، كورده‌كان ئاشنا ده‌بن به شێوه ژیانی نوێ. بۆوێنه هه‌شت كاتژمێر كاركردن له ڕۆژ و پشووی حه‌فتانه و ساڵانه، بیمه و مووچه‌ی مانگانه.
ت: ڕاپه‌ڕینی جوتیاران و جووڵانه‌وه‌ی كرێكاران و مامۆستا و خوێندكاره‌كان و چاككردنه‌كانی كۆمه‌ڵگه له سه‌رده‌می په‌هله‌وییه‌كاندا كاری كردووه‌ته كورده‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات. ڕه‌زاشای په‌هله‌وی بێبه‌زییانه عاشیره‌ته‌كانی ئێران و كوردستانی تێك‌شكاند و حه‌مه‌ڕه‌زاشا به چاككردن، ئاغاوه‌تی لاوازكرد. ئه‌و ئاڵوگۆڕانه بوون به هۆی ئه‌وه كه جوتیاران له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئاغاوه‌ت ڕزگاریان بێ و كوردستان زیاتر به‌ره‌و ده‌سمایه‌داری بڕوات.
1) له كه‌شی كوردستانێكی عاشیره‌ت‌لاوازدا كۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. له ساڵه‌كانی 1940 وه‌ك یه‌كه‌م ڕێكخراوه‌ی دیموكراتی ورده‌بۆرژوازی كورد له ڕۆژهه‌ڵات ساز بوو كه به ئاشكرا ڕێبازی خۆی له ڕێبازی ئاغاوه‌ت جیا ده‌كرده‌وه و باسی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ گه‌یشتن به‌و ڕزگارییه ده‌كرد.
2) له كوردستانی دوای چاككردنه‌كانی ساڵه‌كانی 1960 كه حه‌مه‌ڕه‌زاشا ئاغاوه‌تی لاوزكرد شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی 1979-1983 وه‌ڕێكه‌وت كه ناسراوه به جووڵانه‌وه‌ی خۆڕاگری. جه‌ماوه‌ری جوتیاران و خه‌ڵكی لادێكان به گه‌رمی له‌و شۆڕشه‌دا به‌شداریان كرد.
3) چاككردنه‌كانی سه‌رده‌می په‌هله‌وییه‌كان له ئێران و كوردستان ژنانی هێنایه گۆڕه‌پانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتوری، ئابووری و سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌سمایه‌داری. یه‌كێك له ئاكامه‌كانی ئه‌و ئاڵوگۆڕه ئه‌وه بوو كه ژنی كورد هه‌م له كۆماری یه‌كه‌می كوردستان و هه‌م له شۆڕش و خۆڕاگری‌دا ده‌ورێكی گه‌وره‌یان گێڕا.
4) ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی ئانتۆنی سمیت (Anthony Smith) هه‌ڵبژێرین، ناسیۆنالیزمی كورد وه‌ك ناسیۆنالیزمه‌كانی وڵاته‌كانی دیكه له‌پێشدا له‌نێو ده‌سته‌یه‌ك خوێنده‌وار په‌یدا بوو و دوایه دوای چاككردنه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئابووری ساڵه‌كانی 1960 له شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی 1979-1983دا بوو به بیروڕایه‌كی جه‌ماوه‌ری. كورد له ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك جه‌ماوه‌ر ده‌بنه "نه‌ته‌وه".
ج) له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات یه‌كه‌م ڕێكخراوه‌ی سیاسی، واتا كۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. له 1942دا دامه‌زرا و دوایه له 1945دا حیزبی دێموكراتی كوردستان دانرا. كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات تا 1969 "یه‌كحیزبی" بوو به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران سازبوو و ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان بوو به دووحیزبی و دوایه كاتێك یه‌كێتیی شۆڕشگێرانی كوردستان و ڕێكخراوه‌كانی دیكه ساز بوون، بوو به چه‌ندحیزبی.
چ) بیروڕای سۆسیالیستانه و كۆمۆنیستانه له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دوای پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و كۆمۆنیسته‌كانی ئێرانی په‌یدا بوو. ئه‌و بیروڕایه به شێوه‌ی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی شۆڤێنیستانه هاته‌نێو كورده‌واری و زۆری زه‌ره‌ر داوه له شۆڕشی كورد به‌ڵام باسی گرینگی خه‌باتی كرێكاران و جوتیاران لایه‌نی پۆزه‌تیڤی سۆسیالیزمه و یه‌كێتیی جوتیاران له‌ژێر كارتێكردنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشان بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵه‌كانی 1979-1980 دامه‌زرا. هه‌روه‌ها یه‌كێتیی كرێكاران سازكردن یه‌كێك له لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌كانی ئه‌و بیروڕایه‌یه له كوردستان. ڕێكخراوه‌ی ژنان سازكردنیش یه‌كێك له كاره‌كانی لایه‌نگرانی ئه‌و بیروڕایه بوو.
خ) په‌یدابوونی جووڵانه‌وه‌ی دینی كه باوه‌ڕی به جودایی دین و ده‌وڵه‌ت هه‌یه. مامۆستاعیزه‌دینی حوسێنی یه‌كه‌م كه‌سایه‌تییه‌كی دینی كورده كه له سه‌ره‌تاكانی 1980دا باسی ئه‌و بابه‌ته‌ی كرد‌ووه.
د) سازبوونی ڕێكخراوه‌ی پاراستنی مافی مرۆڤ له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و په‌یدابوونی گۆڤاری كوردی ئاشكرا له كوردستانی ژێرده‌ستی ئێران.
2-5-2-2- ئه‌و هۆ و هێزانه‌ی دیموكراتانه‌كردنی كوردستان وه‌پاش ده‌خه‌ن
ئـ) كوردستان بووه‌ته وڵاتێكی ده‌سمایه‌داری و كورد بووه‌ته نه‌ته‌وه به‌ڵام مافی سازكردنی ده‌وڵه‌تی خۆی لێ وه‌رگیراوه.
ب) كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات چه‌ند‌حیزبییه، ڕێكخراوه‌ی مافی مرۆڤ و ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتیی خۆی هه‌یه به‌ڵام به‌هۆی داگیركران و نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كوردستان ڕێنادرێ به كاری سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، ئابووریی و كه‌لتوری ئازاد و سنووری بۆ دانراوه و پێشی ده‌گیرێ.
پ) له كوردستانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئاغاوه‌ت و عاشیره‌ت به‌سه‌رچووه و چین و توێژی تازه و ژنان هاتوونه‌ته گۆڕه‌پانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كه‌لتورییه‌وه. قازانجی سیاسیی چینه كۆن و تازه‌كان و ژنان له‌لایه‌ن حیزب و كۆڕه سیاسی و كه‌لتورییه‌كانه‌وه ده‌پارێزرێ و بوونی به‌پارێز، لیبڕال، دیموكرات و ڕادیكاڵه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسییه بنه‌ڕه‌تییه‌یه. ئه‌گه‌ر حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق (پدك) له‌لای یه‌ك دانێین جیاوازی ئه‌وانمان زیاتر بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه. له هه‌ردوو ڕێكخراوه‌و‌دا ئه‌ندامێك كه ڕیشه‌ی له چین و توێژی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێ یان ژن بێ په‌یدا ده‌بێ. له ڕیزی ئه‌ندام و ڕابه‌رانی حیزب‌دا كه‌سانێك وه‌ك قازی محه‌ممه‌د ، قاسملوو، حه‌سه‌نزاده و هیجری و... هه‌بوون به‌ڵام له پدكدا عاشیره‌تی بارزان ئه‌و حیزبه‌یان قۆرغ كرد‌ووه. هه‌ردووك ڕێكخراوه به‌پارێزن به‌ڵام حدكا باوه‌ڕی به جیایی دین و ده‌وڵه‌ت هه‌یه و پدك حیزبێكی ئیسلامییه.
ت) یه‌كێك له به‌رهه‌ڵسته‌كانی گه‌شه‌ی دیموكراتی شه‌ڕی نێوان ڕادیكاڵ و به‌پارێزه‌كان بووه. له كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتانه‌دا چوار هێزه گه‌وره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێكه‌وه به‌شه‌ڕ نایه‌ن و له پارله‌ماندا به‌شداری ده‌كه‌ن.
2-5-3-1 بنه‌ماكانی بیری ده‌وڵه‌تی كوردستان
له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و باسه‌ی له سه‌ره‌وه‌دا پێشكه‌شم كرد بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی كورد له چه‌ند خاڵدا ده‌خه‌مه‌پێش چاو.
ئـ) له پێشنووسی قانونی بنه‌ڕه‌تی كوردستان و قانونی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی پارله‌مانی كوردستان شێوه‌ی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كورد باس ده‌كرێ.
ب) پێشنووسی قانونی بنه‌ڕه‌تی كوردستان ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان و بوونی به نه‌ته‌وه‌یه‌كی تازه بنووسرێ.
پ) له‌و پێشنووسه‌دا ده‌بێ به ڕوونی و ئاشكرایی بنووسرێ:
1) كوردستان وڵاتێكی دابه‌شكراوه و كورد مافی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه. ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات تێده‌كۆشێ كه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد به ڕاپرسیی گشتی دامه‌زرێنێ.
2) كوردستان وڵاتێكی سێكولار و دیموكراته. سیسته‌می چه‌ندحیزبی ده‌بێ و ئازادی نووسین و قسه‌كردن له وڵات‌دا باو ده‌بێ.
3) له‌شكر و پۆلیس مافی ده‌ستێوه‌ردانی له خه‌باتی مه‌ده‌نی نابێ و دادگاكانی كوردستان سه‌ربه‌خۆ ده‌بن.
4) هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه سیاسییه‌كان ده‌بێ بكرێ به له‌شكری كوردستان و له‌ژێر چاوه‌دێریی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كوردستاندا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌وروپا له كوردستانی خواروو بمێنێته‌وه تا دوای ڕاپرسیی گشتی له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و سه‌ربه‌خۆیی بگه‌ڕێته‌وه شاره‌كان.
5) مه‌به‌ستی جووڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستانه‌ی كورد ڕووخانی ڕێژیمه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان نییه و ده‌بێ به ڕاپرسیی گشتی و هێمنانه له‌و وڵاتانه جیابینه‌وه.
ت) سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات؛ پێویسته زانیاری سه‌باره‌ت به‌و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌بووه و به ڕاپرسی گشتی جیابوونه‌وه كۆكرێته‌وه و قسه‌وباس له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه وه‌ڕێخه‌یه‌ن.
1) ده‌وڵه‌تی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌بێ حه‌ولبدا شوێنێك له ئه‌وروپا یان ئه‌مریكا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خۆی بدۆزێته‌وه و له زۆرتری وڵاته‌كان نوێنه‌ری هه‌بێ؛ حه‌ولبدا كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه به فه‌رمی بناسرێ.
2) پێموایه ده‌وڵه‌تی كوردستان له ده‌ر‌وه‌ی وڵات ده‌بێ قسه‌وباس له‌سه‌ر ئه‌ندامه‌تی له یه‌كێتیی ئه‌وروپا وه‌ڕێخا و جه‌ماوه‌ری كورد ئاماده بكا. دوو لایه‌نی یار و نه‌یاری ئه‌و بیره ده‌بێ له باسه‌كاندا به‌شداری بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر له كوردستانی سه‌روو (توركیا) و كوردستانی خواروو (عێراق) و كوردستانی ڕۆژئاوا (سوریه)، ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانێك وه‌ك كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات سازكرێ، كوردستان وه‌ك یه‌ك وڵاتی یه‌كگرتوو ده‌توانێ حه‌ولبدا بۆ ئه‌ندامه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپا. سیاسه‌تێكی وا ده‌توانێ پشتی ڕێژیمه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان بشكێنێ. توركیا خه‌ریكه ده‌بێته ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و له ئێمه‌ی كورد وه‌پێش كه‌وتووه. كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و دیموكرات و ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌توانێ ئه‌ندامه‌تی توركیا هاسانتر بكاته‌وه و دۆستایه‌تی له مابه‌ینی دوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و توركی سه‌ربه‌خۆدا سازبكا.
2-5-4- جیاوازی ناسیۆنالیزمی دیموكراتانه و شۆڤێنیستانه‌ی كورد
گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی به‌رنامه و پێڕه‌وی نێوخۆی پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستان (پسك)، په‌سه‌ندكراوی كۆمیته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ڕێكخراوه، ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر دانانی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كوردستانه. وه‌ك پارتی ئازادیی كوردستان (پاك) گه‌وره‌ترین كه‌موكووڕی پڕۆگرامه‌كه تێكه‌ڵاوكردنی سه‌رده‌می ئه‌ماره‌ته كورده‌كانه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می په‌یدابوونی بیری ناسیۆنالیزم و كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌سمایه‌داری كوردستان و سازكردنی نه‌ته‌وه‌ی تازه‌باوی كورد. ئه‌و ناڕوونییه كۆمیته‌ی سه‌رۆكایه‌تی تووشی به‌پارێزبوون و شۆڤێنیزمی كورد كرد‌ووه و لورستان و ئیلامی وه‌ك به‌شێك له كوردستان داناوه. ئاتاتورك، ڕه‌زاشا و كوڕه‌كه‌ی، خومه‌ینی، سه‌ددام حوسێن و حافز ئه‌سه‌دیش بۆ ڕازاندنه‌وه پارله‌مانیان هه‌بوو به‌ڵام له كرده‌وه‌دا سیاسه‌تی شۆڤێنیزمی تورك، فارس و عه‌ره‌بیان به‌ڕێوه‌ده‌برد.
2-5-4-1- ده‌وڵه‌تی كورد و پارله‌مانی كوردستان بۆ ڕازاندنه‌وه یان بۆ ئاڵوگۆڕی دیموكراتانه؟
یه‌كێك له به‌رهه‌ڵسته‌كانی گه‌شه‌ی دیموكراتی له ئێران، توركیا، عێراق و سوریه شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی ئه‌و وڵاتانه بووه. له ئێران، توركیا و عێراق ڕاپه‌ڕین و شۆڕش بۆ دامه‌زرانی سیسته‌می پارله‌مانی دیموكراتانه هه‌بووه به‌ڵام زۆر زوو له‌لایه‌ن به‌پارێز و كۆنه‌په‌رسته‌كان سه‌ركوتكراوه و له‌جیاتی ناسیۆنالیزمی دیموكراتانه شۆڤێنیزم بووه به بیروباوه‌ڕی زاڵی ده‌وڵه‌ت، پارله‌مان و كۆمه‌ڵگه. واتا پارله‌مان و دیموكراتی ته‌نیا به‌ناو مابوون و تاقه حیزبێك و گروپێك و "ڕابه‌ری گه‌وره" بوونه كانگای ده‌سه‌ڵات، و سه‌ره‌ڕۆیی بوو به باو و نه‌یار گیران و كوژران و له گرتووخانه‌كان كران. به‌پارێزه‌كان هه‌م كۆنن هه‌م نوێ. ئه‌وان فێرگه و زانكۆ و نه‌خۆشخانه‌شیان دانا. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌و ده‌زگا تازانه بۆ به‌هێزكردنی خۆیان كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه. بۆوێنه فێرگه هه‌بووه به‌ڵام ئازادیی ده‌ربڕین و گه‌شه و ڕه‌خنه نه‌بووه.
ئێستاش (پاك) و (پسك) دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی كوردستانیان سه‌لماندووه و ئه‌وه هه‌نگاوێكی گرینگه به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه تاریخی سازكردنی ده‌وڵه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ی پێش ده‌سمایه‌داری و دوای ده‌سمایه‌داریان تێكه‌ڵ كرد‌ووه تووشی به‌پارێزی بوون و شۆڤێنیزم. به‌پارێزه‌كان هێندێك دیارده‌ی تازه‌باو ده‌سه‌لمێنن به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تڕا كۆنن. شۆڤێنیزم چه‌شنێك بیروڕای به‌پارێزانه‌ی توندوتیژه.
2-5-4-2- ناساندنی زاراوه‌كانی نه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌ی كورد و ناسیۆنالیزم
بۆ ئه‌وه‌ی تووشی شۆڤێنیزم نه‌بین له به‌رنامه‌ی هه‌ر حیزبێكی كوردیدا ده‌بێ زاراوه‌ی نه‌ته‌وه بناسرێ. به‌گشتی یه‌كێك له‌و كارانه‌ی كه بۆ ڕزگاربوون له‌و بیروڕایه ده‌بێ بیكه‌ین ناساندنی زاراوه‌ی "نه‌ته‌وه" و" نه‌ته‌وه‌ی كورده"، هه‌روه‌ها باسێك له‌سه‌ر تیۆرییه‌كانی ناسیۆنالیزم. بۆ ئه‌و كاره‌ش ده‌بێ له زانستی سیاسه‌ت و زانسته‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ڵكوه‌رگرین.
پێموایه له ناساندنه‌كه‌دا ده‌بێ چه‌ند بابه‌تمان له‌پێش چاو بێ:
ئـ) نه‌ته‌وه دیارده‌یه‌كی تازه‌یه له سه‌ده‌كانی هه‌ژده و نۆزده‌ی عیساییدا له ئه‌وروپا په‌یدا بووه.
ب) نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیموكرات له ڕه‌وتێكی سه‌د تا دوو سه‌د ساڵدا په‌یدا ده‌بێ. كاری حیزب و ڕێكخراوه‌كان ئه‌وه‌یه ڕێگه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕه خۆشكه‌ن بۆئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی كورتتردا پێی بگه‌ین.
پ) له ساڵه‌كانی دوای سه‌ده‌ی نۆزده‌ی عیسایی‌ڕا كورد ده‌ستپێده‌كا ببێته نه‌ته‌وه. كورد ئێستا نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ته.
ت) ته‌به‌عه یان شارۆمه‌ندی كورد كه‌سێكه كه له ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆییدا ده‌نگی داوه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كورد، به‌شداری له شۆڕشی نه‌ته‌وایه‌تی كورددا كرد‌ووه و خۆی به كورد ده‌زانێ.
ج) ناسیۆنالیزم تیۆری، سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیایه‌كه بۆ دانانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و دابه‌شده‌كرێ به دیموكرات، به‌پارێز، لیبڕاڵ و ڕادیكاڵانه.
چ) به‌شێك له بیروڕای ناسیۆنالیزمی به‌پارێز ئه‌فسانه‌سازكردنه بۆ نه‌ته‌وه‌كان. بۆوێنه نه‌ته‌وه‌كانی كورد، فارس، تورك و عه‌ره‌ب چه‌ن هه‌زار ساڵه هه‌ن.
ح) ئه‌فسانه‌سازكردن كاتێك ده‌كرێته سیاسه‌ت ده‌بێته شۆڤێنیزم.
2-5-4-3- ئه‌فسانه‌ی كوردبوونی لوڕ و ...
(پاك) و (پسك) هه‌ردووكیان باسی كوردبوونی چه‌ند ناوچه‌ی ئێرانیان كرد‌ووه. بۆوێنه لوڕه‌كان له جووڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستانه‌ی نوێی كوردستاندا به‌شداریان نه‌كردووه. و هیچ ڕاپرسییه‌ك له‌وێ نه‌كراوه كه بزانین خۆیان به كورد ده‌زانن یان نا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه وه‌ك كورد چاویان لێكراوه. (پاك) له پڕۆگرامه‌كه‌یدا نووسیویه به شێوه‌ی قانونی به‌شه داگیركاوه‌كانی كوردستانی سه‌رده‌می ئه‌ماره‌ته‌كان ده‌ستێنێته‌وه.
شێوه‌ی دیموكراتانه ئه‌وه‌یه كه بڵێین كورد له سه‌رده‌می ئه‌ماره‌ته‌كاندا قه‌ومێك بووه به‌ڵام له سه‌د ساڵی ڕابردوودا به‌شێك له و قه‌ومه بوونه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ناوی كورد. به ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان خاكی ئه‌و به‌شه دیاریده‌كرێ و په‌یمانه‌كانی ئه‌مپه‌راتۆری سه‌فه‌وی و عوسمانی هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه.
پێموایه دوای قسه‌وباس و لێكۆڵینه‌وه ده‌بێ (پاك) و (پسك) پڕۆگرامه‌كه‌یان بگۆڕن و له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ئه‌فسانه و درۆ‌ی دانه‌نێن. چونكه به‌رنامه‌ی حیزبێك بۆ بارهێنانی نه‌ته‌وه‌یه‌كه و ئێمه نامانه‌وێ وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی فارس، تورك و عه‌ره‌ب به شۆڤێنیزم په‌روه‌رده بكرێین.
له به‌شێك له پڕۆگرامی (پسك)دا نووسراوه:
"به‌شی سێیه‌م، ئامانجه‌كانی پسك له‌سه‌ر جۆگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
ئا) پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستان هه‌وڵده‌دا
1. بۆ ناساندنی ته‌واوی جۆگرافیایی خاكی كوردستان به سنووره‌كانییه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێمان وه‌ك فارس، ئازه‌ری و عه‌ره‌ب.
2. هه‌وڵده‌دا به به‌ڵگه و مێژوو پشتیوانی دادوه‌رانی جیهانی: بۆ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و شار و ناوچانه‌ی كه له‌سه‌ر كوردستان دابڕاون بۆ‌نێو جۆگرافیای گشتیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
3. هه‌وڵدان بۆ زیادكردنی پارێزگاكانی كوردستان له 4 پارێزگا بۆ 7 پارێزگا، به‌پێی به‌ڵگه‌ی مێژوویی، هه‌روه‌ها یاسای سه‌رژمێری جیهان بۆ پارێزگاكان.
ب) پارێزگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی كه جووڵانه‌وه‌ی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته ته‌نیا 4 پارێزگا به كوردستان ناسراوه، به‌رنامه و پڕۆژه‌ی داهاتووی پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستان بۆ زیادكردنی پارێزگاكانی كوردستان له 4 پارێزگا بۆ 7 پارێزگا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه.
1. پارێزگای كرماشان
2. پارێزگای ئیلام
3. پارێزگای لوڕستان
4. پارێزگای ئورمیه
5. ئه‌رده‌ڵان، سنه
6. هه‌ورامان
7. موكریان."
2-5-4-4- شۆڤێنیزمی كورد وه‌ك كاردانه‌وه‌ی شۆڤێنیزمی فارس، تورك و عه‌ره‌ب
شۆڤێنیسته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست حاشا له بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن و كاردانه‌وه‌ی ئه‌و بیروڕایه ئه‌وه‌یه كه كورد ده‌ڵێ نه‌خێر من هه‌م و له تۆیش كۆنترم. ڕێژیمی په‌هله‌وییه‌كان و كۆماری ئیسلامی سیاسه‌تێكی شۆڤێنیستانه‌یان هه‌بووه و له ماوه‌ی نزیك به سه‌د ساڵ به‌و بیروڕایه نه‌ته‌وه‌ی فارسیان گه‌وره كرد‌ووه.
هه‌روه‌ك له‌پێشدا باسم كرد، حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمه‌ڵه)، بیروڕای كۆمۆنیزمی شۆڤێنیستانه‌ی فارسی هه‌یه و كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێرانیش ئێستا به‌ته‌واوی خۆی له‌و بیروڕایه ڕزگار نه‌كردووه. خوێنده‌واره كورده‌كان له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه باسی ئه‌و ڕێكخراونه‌یان كرد‌ووه كه به خۆیان ده‌ڵێن چه‌پ (بڕوانه بۆ ڕه‌شید، ڕێبوار).
2-6 - فه‌رهه‌نگۆك
ع: عاره‌وی
ف: فارسی
ک: كوردی
به‌پارێز: كۆنسه‌رڤاتیڤ، (ع. ف. ك.: موحافه‌زه‌كار)
تیۆریی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتانه = democratic theory
چاككردن: چاكسازی
حوكمی: prescriptive ، (ع. ف.: تجویزی)
خوێنده‌وار: ڕووناكبیر
كۆنه‌په‌رست: reactionary، (ع. ف. ك.: مورته‌جیع)
نه‌خشه‌ی گه‌وره: Magna Carta
وه‌سفی: descriptive ، (ع. ف.: توصیفی)
2-7- سه‌رچاوه‌كان
ئـ) كوردی
- په‌یره‌و و پرۆگرامی پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستان، psk2006.org.
- تاهیر، عه‌لا (2004)، له هۆركهایمه‌وه تا هابرماس، قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تیۆری ڕه‌خنه‌یی هاوچه‌رخ، وه‌رگێره‌كان: ئیسماعیل كورده، جه‌ماڵ پیره، چاپی یه‌كه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی نما، هه‌ولێر: چاپخانه‌ی ڕه‌نج. pertwk.com/pertwk/index.php?=230
- حه‌سه‌نپور، جه‌عفه‌ر، كوردی تازه‌سویدی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی سێپته‌مبه‌ری 2006 له سوید، به‌شی دووه‌م، به‌ندی دووه‌م، 2006.06.15، dimane.com.
- ڕایش، ولهیلم (؟)، گوێگره، پیاوی بچووك! وه‌رگێڕ: خه‌بات عارف، APEC-TRYCK & FORLAG, Spanga ,Sweden.
- ڕه‌شید، رێبوار، چه‌پ واتای چی؟، 2006.11.13، helwist.com.
ب: ئینگلیزی
- Thompson, E.P. (1975), The Making of the English Working Class, Penguin Books.
پ: فارسی
- ماركوزه، هربرت (؟)، انسان تك ساحتی، مترجم؟ چاپخانه؟

به
سازكردنی له‌شكری كوردستان پێش پارچه‌پارچه‌بوونی هێزی
پێشمه‌رگه و به‌شه‌ڕهاتنی ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌گرین. ئه‌و
له‌شكره ده‌توانێ پێش سه‌ره‌ڕۆیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كان
بگرێ.