|
کۆمه‌ڵگه‌ی نوێی جیهانی سه‌رمایه‌داری
به‌شی یه‌که‌م
باقی تالبو لیعلم
"لیبرالیزم گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت بۆ به‌خته‌وه‌ری
زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ"
جان ئێستوارت میل
به‌دیهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ و لیبرال
که
به‌رهه‌می شۆڕشی فه‌رانسه و شۆڕشی نویی پیشه‌یی
له بریتانیا بوو، بوو به هۆی دابین کردنی
ڕه‌وتێکی نوێی مێژوویی له جیهانی به نێوی
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری یان کاپیتالیزم. له دۆخی
نوێی کۆمه‌ڵ، مرۆڤ هه‌نگاو ده‌نێته نێو جیهانێکی
نوێی پڕ له گه‌شه و ئاڵ وگور که هه‌موو
بواره‌کانی ژیانی ده‌گرته‌وه. گۆڕا‌نی سه‌ده‌ی 17
ی زایینی، و گه‌شه‌ی پیشه‌یی و ئابووری له
بریتانیا شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کۆنی سیسته‌می
ده‌ره‌به‌گایه‌تی تووشی گۆڕا‌نی گه‌وره و ڕادیکاڵ
کرد، هه‌روه‌ها گۆڕان له بواره‌کانی ئابووری،
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیش پێک هات و سیمای دێمۆگرافی
کۆمه‌ڵگاکانی دنیای به‌ته‌واوی گۆڕی. بازاڕی ئازاد
و کێبڕکیی ئازاد هاته نێو شێوه‌ی ژیانی نوێی
خه‌ڵک، چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی
سه‌ریان هه‌ڵدا. کۆمه‌ڵگه چینایه‌تی کرایه‌وه و
چینه نوێیه‌کان له شکڵ پێدان به داهاتووی
ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نوێی وه‌ڵاتانی
دنیا ده‌ورو نه‌خشی گه‌وره که‌وته سه‌رشانیان.
سه‌رمایه‌داری به دابینکردنی ده‌وڵه‌ت و شێوازی
نوێی به‌رهه‌م هێنان، ناردن ، هێنان و بردنی کاڵا
و شتوومه‌ک له حاستێکی یه‌کجار به‌رفراوان،
دابینکردنی هێڵی ئاسن، گومرکات و... توانی
ده‌سه‌ڵاتی کۆنی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی
هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کلایه‌نه‌ی خۆی
به‌سه‌ر هه‌موو دنیا دا بکێشێت.
نیزامی نوێ سامانی سروشتی هه‌رزان و
به‌تاڵانبردووی وه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ی به‌کار
ده‌هێنا و به‌پێچه‌وانه‌ش کاڵا و شتوومه‌ک و
به‌رهه‌مه‌کانی خۆی، بێ دانی گومرکات و بێ کێبرکێ
ده‌نارده‌وه بۆ هه‌مان وه‌ڵاتانی تاڵانکراو و به
نڕخی زۆر گرانتر پێشکه‌شیانی ده‌کرده‌وه.
کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی پۆلازیره کرا، دنیا
ئه‌مجاره‌یان له نێو کۆلۆنیالیسته‌کان دابه‌ش
کرایه‌وه، ته‌جاره‌ت و بازرگانی زۆربه‌ی
وه‌ڵاتانی جیهان له لایان کۆلۆنیالیسته‌کان له
ڕێگه‌ی ده‌ریا و شه‌مه‌نده‌فه‌ر کۆنترۆڵ ده‌کرا.
دنیای نوێ به‌سه‌ر دوو چینی جیاوازی کرێکار و
سه‌رمایه‌دار دابه‌ش ده‌کرا، جوتیاران و کڕیکارانی
پیشه‌سازی به‌شه جۆراوجۆره‌کان، وه‌ک توێژێکی
زیندوو هه‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان سه‌لماندبوو،
به‌ڵام له‌چاو خێڵی ملیونی چینی به‌رهه‌مهێنه‌ر
له لایه‌ک و خاوه‌ن سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتداران
له لایه‌کی دیکه، ڕێژه‌یان هه‌م که‌متر بوو،
هه‌م خاوه‌نی ئامرازی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنان
نه‌بوون و له قۆناخه‌کانی دوایی مێژوو به‌هۆی
تووندوتیژبوونه‌وه‌ی کێبڕکێ و تاڵبوونی دۆخی ژیان
زۆربه‌یان ناچار ده‌بوون به ڕیزه‌کانی چینی
کرێکار په‌یوه‌ست بن. له ئاکامی ته‌جاره‌ت،
بازرگانی ئازاد؛ و گۆڕینه‌وه‌ی کاڵا و شتومه‌ک،
کۆمه‌ڵێک دامه‌زراوه و توێژی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
پێک هاتن، وه‌ک سیسته‌می بانکی و نووسینگه‌کانی
مڵک و زه‌مین.
فه‌ردگه‌رایی:
مرۆڤ و باسی ویست و داخوازیه‌کانی بوو به
ناوه‌ندێکی گه‌وره له کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ڵاتانی
دنیا، به‌ڵام ده‌یان ساڵیی پێ چوو هه‌تا ده‌رفه‌تی
گۆڕان و باشترکردنی دۆخی ژیان بوو به به‌شێک له
یاسای کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، بۆ وێنه
قه‌ده‌خه‌کرانی ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانیان،
به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی بیروڕا و ... له
کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ مرۆڤ وه‌ک واحیدێکی لۆجیک سه‌یر
ده‌کرا که ده‌توانێت پێشکه‌وتن و گۆڕا‌نی
گه‌وره‌تر بخوڵقێنێت، به‌ڵام مرۆڤ پێویستی به
ئازادی هه‌بوو و گه‌شه‌ی موسبه‌ت و باشترکردنی
دۆخه‌کان به بێ دابین بوونی ئازادی و کۆمه‌ڵێک
یاسای مرۆڤانه مرۆڤ مومکین نه‌بوو. مرۆڤ بۆ خۆی
له‌هه‌موو که‌س باشتر ته‌نگه‌به‌رییه‌کانی سه‌ر
ڕێگه؛ و ئامانجی پێشکه‌وتن و گه‌یشتن به
خۆشبه‌ختی دواڕۆژی خۆی ده‌ناسیت. ڕاسته کۆمه‌ڵگه
له تاکی ئه‌ندامان پێک هاتووه، به‌ڵام ژیانی
هاوبه‌ش به‌خته‌وه‌ری بۆ کۆمه‌ڵگه پێک دێنێت.
به‌ڵام له ڕوانگه‌ی لیبرالیزم ده‌وڵه‌ت له‌مپه‌ری
ڕه‌وتی ئه‌و گه‌شه بوو. ده‌وڵه‌ت پێویست بوو،
به‌ڵام نه‌ده‌بوو ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌رک و ژیانی
خه‌ڵک بکات. ده‌وڵه‌ت ده‌بوو له پێناو گه‌یشتنی
تاکی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ به ئاوات و
ئامانجه‌کانیان بوایه، ده‌بوو پارێزه‌ری مافی تاک
له‌هه‌مبه‌ر ده‌ستدرێژی ده‌ره‌کی و ناوه‌وه
بوایه. ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت به کورتی دابین کردنی
ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی ئه‌ندامانی تاکی کۆمه‌ڵگه
بوو و نه‌ده‌بوو ده‌ست تێوه‌ردانی سیاسه‌تی
ئابووریش بکات. ده‌وڵه‌ت ده‌بوو هه‌تا ئه‌و
جێگه‌یه‌ی که ده‌کرا، ده‌بوایه له ده‌ست
تێوه‌ردانی ژیان و گۆزه‌رانی خه‌ڵک خۆی بپارێزێت.
کار، به‌رهه‌م هێنان و بناخه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری و
ئاسایش و خۆشبه‌ختی کۆمه‌ڵگه‌یه، دابین کردنی کار
و به‌رهه‌م هێنانی کاڵا و شتوومه‌ک ده‌بوو به
شێوه‌یه‌ک بێت که له خزمه‌ت به خه‌ڵک و
کۆمه‌ڵگه‌دا بێت و له ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت
بێ به‌ری بوایه.
لیبرالیزمی ئابووری:
گه‌شه‌ی پیشه‌سازی، دابین کردنی هێڵی ئاسن،
سازدانی ڕێگه و بان و پێک هاتنی فابریک و شوێنی
به‌رهه‌م هێنان به‌ئه‌و په‌ڕی خۆی گه‌یشت. هاوکات
زانستی مرۆڤیش گه‌شه‌ی کرد. سیسته‌می کۆنی نیزامی
ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی به‌گ و خان و میر
به ته‌واوی هه‌ڵوه‌شایه‌وه، به‌ڵام ئازادی
ئابووری و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی مه‌رکانتالیزم له
نێوان سه‌ده‌کانی 1700- 1500 ی زایینی، بوو به
هۆی گه‌شه‌ی کۆلۆنیالیزم و دزین و به‌تاڵانبردنی
کانزای سروشتی و رێڕ و زیوی وه‌ڵاتانی ژێرده‌ست.
مرکانتالیزم ده‌یگووت که ناردنی کاڵا و شتوومه‌ک
و هێنانی که‌متری کاڵا ده‌بێته هۆی زیادبوونی زێڕ
و زیو و ڕاده‌ی داهاتی ده‌وڵه‌ت و په‌ره‌پێدان به
کۆلۆنیالیزم و هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی
مۆنۆپۆل(ده‌سه‌ڵاتی یه‌ک لایه‌نه)ی ده‌وڵه‌ت
به‌سه‌ر ئابووری وه‌ڵاتانی جیهان. سیاسه‌تی
ئابووری و شێوازی به‌رهه‌م هێنانی نوێ ئیتر
نه‌یده‌توانی وه‌ڵامده‌ری پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵ
بێت، مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و
تێکدانی هه‌موو ده‌ست که‌وته‌کان به‌باشی هه‌ست
پێده‌کرا. چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ خوازیاری
به‌شداری له‌ده‌سه‌ڵات بوون.
مکانیزمی بازاڕ:
له ڕوانگه‌ی لیبرالیزمی کلاسیک پێویستی ڕۆژانه‌ی
ژیانی مرۆڤ و داوای کاڵا و بازاڕ ده‌بوایه دابین
بکرایه. به‌رهه‌م هێنانی کاڵا و پێشکه‌ش کردنی
خزمه‌تگوزاری ده‌بوو وه‌ڵامده‌ری ئه‌و
پێداویستییه بێت که خه‌ڵک کڕیاری بوون. ئه‌گه‌ر
ڕێژه‌ی خوازیارانی کاڵا بچێته سه‌ر، ڕاده‌ی
به‌رهه‌م هێنانیش زیاد ده‌کات. به‌رهه‌م هێنان و
کڕین و فرۆشی کاڵا ده‌بووه هۆی گه‌شه. پێویستی
سه‌رمایه و هێزی کار ده‌چێته سه‌ر و کێبڕکێ بۆ
کڕینی به‌رهه‌م؛ و کاڵای هه‌رزانتر و باشتر
ده‌یتوانی نڕخی کاڵا دیاری بکات. زیادبوونی کێبڕکێ
ده‌بووه هۆی ده‌ستکه‌وتنی کاڵای باشتر،
هه‌رزانتر و گوونجاوتر. سه‌رمایه‌داران ده‌بوو
ئه‌و شتوومه‌که به‌رهه‌م بێنن که زۆرینه‌ی خه‌ڵک
پێویستیان پێی هه‌بوو. ئه‌مه دیموکراتیک بوو،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵک مه‌ودا و ده‌رفه‌تی
هه‌ڵبژاردنیان پێ ده‌به‌خشرا. له‌م ڕێگه له‌وانه
بوو گه‌شه‌ی ئابووری پێک بێت، به‌ڵام کێشه‌ی
سه‌ره‌کیتر له ڕوانگه‌ی سوسیال لیبرالیزم ئه‌وه
بوو که کۆمه‌ڵگه چۆن ڕووی ئاسایش و
به‌خته‌وه‌ری به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. کاتێک ده‌ستێک
به‌رهه‌م دێنێت، ده‌بێ ئه‌و ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ش
وه‌ڵامده‌ری پێداویستییه‌کانی زۆرینه‌ی خه‌ڵک
ده‌بێت. ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت ته‌نیا
ده‌ستتێوه‌رنه‌دانی بواره‌کانی ته‌جاره‌ت و
بازرگانی نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت بریتی
بوو له: پاراستنی ئاسایشی خه‌ڵک و پارێزگاری
له‌وان له‌هه‌مبه‌ر په‌لامار و ده‌ستدرێژی هێزی
بێگانه و پێک هێنانی ده‌رفه‌تی خوێندن بۆ خه‌ڵک.
ڕاسته به‌قازانجی چینی سه‌رمایه‌دار نییه که
ده‌وڵه‌ت ده‌ست تێوه‌ردانی بواری ئابووری بکات،
به‌ڵام لێره باس له سیسته‌مێک ده‌کرێت، که
ته‌نیا له پێناو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی
ده‌سمایه‌داران و تاجران و بازرگانان نه‌بێت،
به‌ڵکو قازانج و به‌رژه‌وندی زۆرینه‌ی خه‌ڵک
بپارێزێت. مه‌ترسی گه‌وره ئه‌وه بوو که
ده‌سمایه‌داران له ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌یشتن به
ده‌سه‌ڵات و پاراستنی یه‌ک لایه‌نه و قازانج و
به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان که‌ڵک وه‌ربگرن و
کردیان.
کار و حه‌قده‌سته‌کان:
لیبرالیزمی کلاسیک له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که
حه‌قده‌ست و کاریش ده‌بێت وه‌ک ئه‌رکی به‌رهه‌م
هێنان؛ و هێنان و بردنی کاڵا و شتوومه‌ک سه‌یر
بکرێت. هێزی کار ده‌کڕێت و ده‌فرۆشرێته‌وه و
ده‌کرێت دانووستان له سه‌ر دانانی نڕخ و هه‌ل و
مه‌رجه‌کانی بکرێت، به‌ڵام فه‌راوانی ڕێژه‌ی کار
و هه‌رزانبوونی هێزی کار ده‌بووه هۆی دابه‌زینی
نڕخه‌کان و به پێچه‌وانه‌ش ده‌بووه هۆی
هه‌ڵماسین و چوونه‌سه‌ری نڕخه‌کان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر
دۆخی ژیانی خه‌ڵک باشتر بکرێت و پشوو و ده‌رفه‌تی
زیاتر بۆ کرێکاران پێک بێت، بۆ وێنه ده‌رفه‌تی
زیاتر بۆ پێڕاگه‌یشتنی باشتر به ژیانی شه‌خسی،
وه‌ک پێک هێنانی خێزان و زیادکردنی ڕێژه‌ی مناڵان،
ئه‌وکات ده‌کرێت ده‌رد موسیبه‌تی کار و ژیانی
خه‌ڵک که‌م بکرێته‌وه. ئه‌م ته‌جره‌به بووه هۆی
ئه‌وه که لیبراله‌کان به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌ن
که ده‌بێ حه‌قده‌سته‌کان به جۆرێک میزان بکرێن
که کرێکاران توانایی لانی که‌می دابین کردنی
بژێوی ژیانیان هه‌بێت. له قۆناخه‌کانی دوایی
دامه‌زرانی ڕێکخراوه کرێکارییه‌کانیان به‌ڕه‌سمی
ناسرا و ڕێکخراوی سه‌رمایه‌داران و کرێکاران بۆ
تاوتۆکردنی ڕاده‌ی حه‌قده‌سته‌کان دانووستانیان
ده‌کرد.
حاستی به‌رپرسایه‌تی ده‌وڵه‌ت:
زۆرکه‌س کاتێک له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پارێزراو و
خاوه‌ن ماف و یاسا خزمه‌تێک ده‌که‌ن، چاوه‌ڕوانی
پاداش و چاکه‌ی موته‌قابیل ده‌که‌ن، به‌ڵام له
ڕوانگه‌ی لیبرالیزمی کلاسیک، کۆمه‌ڵگه له تاکی
مرۆڤ پێک هاتووه و تاکی مرۆڤه‌کان له حاست
هه‌موو ئاکارێکدا به‌رپرسی خۆیانن. له
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سوسیال دیموکراتیک هه‌موو
شتوومه‌کێک بیمه‌یه‌کی ئیجباری هه‌یه، بۆ وێنه
یارمه‌تی ده‌کرێت به که‌سانێک که نیازمه‌ند و بێ
داهاتن، به‌ڵام گه‌ر که‌سێک خزمه‌تێکی پێ بکرێت
ئه‌وه له به‌شی که‌سانی دیکه‌یه که پێی خه‌ڵات
ده‌کرێت. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی لیبرالیزمی کلاسیک
دیاریکردنی یاسا و چۆنییه‌تی حاستی یارمه‌تییه‌کان
قابیلی قه‌بوڵ نییه، دیار نییه که‌سێک که بژێوی
ژیانی خۆی بۆ دابین نه‌کرێت، چی لێ به‌سه‌ر دێت؟
به‌ڵێ ئه‌وان ده‌ڵێن ته‌نیا ده‌کرێت له یارمه‌تی
خۆبه‌خش که‌ڵک وه‌ربگرێت و نابێت که‌سی دیکه
ئه‌رکی خه‌ڵکانی دیکه بکه‌وێته سه‌رشانی.
لیبرالیزمی سیاسی:
خواست و ویستی ئازادی له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی 18
ی زایینی، هاته نێو کێشه‌ی سیاسی. هه‌وڵدان بۆ
دابین کردنی ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراتیکتر و
وه‌ڵامدانه‌وه به پێویستییه‌کیانی ڕۆژانه‌ی
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و پێشکه‌وتوو بوو به
هێزێکی به‌رینی جه‌ماوه‌ری. به‌ڵام هه‌نووکه
کۆمه‌ڵێک ڕێگری ده‌کرا، بۆ وێنه مافی ئازادی
سیاسی له‌به‌رچاو نه‌ده‌گیرا، هه‌موو که‌س مافی
ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنیان نه‌بوو؛ و ته‌نیا پیاوان
مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو. ئه‌ویش ته‌نیا
ئه‌وکه‌سانه‌ی که خاوه‌ن مڵک بوون یان باج و
ماڵیاتیان به ده‌وڵه‌ت ده‌به‌خشی. لیبرالیزمی
کلاسیک ده‌یگووت ژنان جێگه و پێگه‌ی
دیاریکراوییان له نێو کۆمه‌ڵ، به تایبه‌ت له
بواری ئابووری نییه، نه‌خوێنده‌وار و نه‌زانن و
له‌بواری ئابووری سه‌ربه‌خۆ نین. هه‌روه‌ها
ده‌یگووت که دانی مافی ده‌نگدان به ژنان
ده‌بێته هۆی شل بوونه‌وه‌ی توندوتۆڵی ده‌سه‌ڵاتی
پیاوان به‌سه‌ر خێزان. سوسیال لیبرالیزم بوو به
ئالترناتیڤی که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شا و
واگوزارکردنی ورده ورده‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستگای
ده‌وڵه‌تی بۆ دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان. ئازادی
ئایین، ئازادی بیروڕاده‌ربڕین، دانی مافی
ده‌نگدانی گشتی و چاودێری به‌سه‌ر دۆخی
زیندانه‌کان بوو به کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و دوای
ده‌یان ساڵ کێشه و به‌ربه‌ره‌کانی بوون به
به‌شێک له یاسای ده‌ستووری به‌شێکی زۆر له
وه‌ڵاتانی ڕۆژئاوا. مافی به‌ڕه‌سمی ناسینی توانایی
و لێهاتوویی خه‌ڵک بۆ خوڵقاندنی ژیان و به‌رهه‌می
نوێ به‌ڕه‌سمی ناسران، به‌ڵام هه‌نووکه باسی
یه‌کسانی نه‌ده‌کرا. به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی لانی
که‌می حه‌قده‌ست و مافی سه‌ره‌تایی خه‌ڵک و
شارۆمه‌ندان بوو به بزووتنه‌وه‌یه‌کی
کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری که ئێستاش هه‌ر
به‌رده‌وامه. دابه‌شکرانی
ده‌سه‌ڵات(نامه‌رکه‌زیکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات) و
به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی گه‌لیی بوون به پرنسیپی
سه‌ره‌کی نیزامی لیبرالیزمی سیاسی، به‌ڵام له
کوردستان و وه‌ڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات له‌مانه هیچ
خه‌به‌رێک نه‌بوو. پاشایه‌تی ده‌یتوانی درێژه به
مانی خۆی بدات، به‌ڵام پاشا نه‌خشێکی له
ده‌سه‌ڵات سیاسی نه‌ده‌بوو بگێڕێت. دابین کردنی
سیسته‌مێکی سیاسی که گوێڕایه‌ڵی ده‌نگ و ویستی
تاک بێت. هه‌ڵبژاردنی دامه‌زراوه‌یه‌کی گه‌لیی که
ویسته‌کانی به‌کۆی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ تاوتوێ بکات.
دابین کردنی ده‌ستگایه‌کی سه‌ربه‌خۆی قه‌زایی بۆ
گۆڕین و دابین کردنی یاسای نوێ، ئازادی به‌یان،
ئایین؛ و هاوکات به‌ڕه‌سمی ناسینی ئازادی
له‌سه‌ریه‌کدانان و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه بوون
به دروشمی لیبرالیزمی سیاسی. هه‌وڵدان بۆ دابین
کردنی ئه‌م ویستانه، به‌ڵام له ڕێگه‌ی هێمن و
ئاشتیخوازانه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی توندوتیژی، دروشمی
سه‌ره‌کی ئه‌حزابی سیاسیی لیبرالیان پێک هێنا.
لیبرالیزم:
لیبرالیزم مانایه‌کی واحید و یه‌کسانی نییه،
خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌کرێت
و له ماوه‌ی ژیانیدا گۆڕا‌نی زۆری به‌سه‌ر
هاتووه. مانای لاتینی لیبرالیزم "ئازادی" و
"سه‌ربه‌خۆیی"یه. ئازادی دروشمی سه‌ره‌کی
لیبرالیزم پێک دێنێت. لیبرالیزم به‌رهه‌می گۆڕا‌نی
مێژوو؛ و له‌م مێژووییه‌ش گۆڕا‌نی زۆری به‌سه‌ر
هاتووه. مرۆڤ و ئازادییه سروشته‌کانی مرۆڤ
ژێرخانی لیبرالیزم پێک دێنن. ئازادی ده‌بێته هۆی
گه‌شی مرۆڤ و داهێنان و خوڵقاندنی به‌رهه‌می نوێ،
به‌ڵام گه‌ر ده‌رفه‌تی گه‌شه‌ی پێ نه‌درێت،
ناتوانێت دۆخێکی باشتر نه به خۆی و نه بۆ
کۆمه‌ڵگه بخوڵقێنێت. پێشکه‌وتن له ئاکامی ئاسایش
و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ پێک دێت. کاتێک ئازادی بۆ
مرۆڤ دابین نه‌کرێت، کۆمه‌ڵگه‌ش هه‌رگیز
به‌خته‌وه‌ری به‌خۆیه‌وه نابینێت. ئازادی نابێت
سنووردار بێت، به‌ڵام نابێت ژیانی خه‌ڵکانی
دیکه‌ش پێشێل بکات. مافی ڕخنه‌ش هه‌ر له
سیسته‌می لیبرالیزمه‌وه هاتووه، یه‌کێک له
ڕخنه‌کان ئه‌وه‌یه که دۆخی کاروژیان
به‌ستراوه‌یی بۆ مرۆڤ پێک دێنێت، یه‌کێکی دیکه
له ڕخنه‌کان به‌هادانی گه‌زاف به تاکی مرۆڤ و
له‌به‌رچاونه‌گرتنی کۆمه‌ڵگه و پێداویستی به‌کۆی
ژیانی هاوبه‌شی خه‌ڵک له لیبرالیزمه.
سوسیال لیبرالیزم:
کێشه‌کانی نێوکۆمه‌ڵ و چاره‌سه‌رنه‌کرانی کێشه
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له لایان لیبرالیزمی کلاسیک
بوون به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی سوسیال لیبرالیزم له
دوای ساڵانی 1860 ی زایینی.
هه‌ستی یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی و هاوپشتی
له‌گه‌ڵ قوربانیانی نیزامی توندوتیژی
مه‌رکانتالیزم له هه‌موو وه‌ڵاتانی پێشکه‌وتووی
ئابووری ده‌ستی پێ‌کرد، به‌تایبه‌ت به‌ربه‌ره‌کانی
له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌ته‌کانی نێو کۆمه‌ڵ و پارێزگاری
له مافی ئه‌وکه‌سانه‌ی تووشی بن ده‌ستی ده‌بوون.
کرێکاران به‌شێک له کۆمه‌ڵ بوون و سیسته‌می
سیاسیی ناچار بوو هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی له حاست
ویست و داخوازییه‌کانیان له خۆی نیشان بدات.
لایه‌نێکی نیگاتیڤی کۆمه‌ڵگه‌ی لیبرالیزمی کلاسیک
بووه هۆی ئاوه‌ڵه‌بوونی ده‌ستی سه‌رمایه‌داران و
پێک هاتنی کارتێل و تراست، سه‌رمایه‌ی بچوکی
ده‌توانده‌وه و تاڵی و نایه‌کسانی سێبه‌ر
ده‌خسته سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵ.
سوسیال لیبرالیزم ده‌بوایه له‌هه‌مبه‌ر
کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی له‌م چه‌شنه
بوه‌ستایه‌وه، به‌ڵام ده‌بوو ئامرازی سیاسی بۆ
ئه‌م به‌ربه‌ره‌کانییه به‌کار بهێندرێت.
لیبرالیزمی سیاسی له‌گه‌ڵ لیبرالیزمی ئابووری
یه‌کیان ده‌گرته‌وه، سیاسه‌تی ئابووری ده‌وڵه‌ت
به سه‌ر بواره‌کانی ته‌جاره‌ت و بازرگانی قبوڵ
کرا به مه‌رجێک که نه‌بێته هۆی
به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی شه‌خسی، یانی هه‌م
سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی و هه‌م سه‌رمایه‌ی شه‌خسی
هه‌بوونیان پێشێل نه‌کرێت. سوسیال لیبرالیزم بوو
ڕێگه‌یه‌کی سێهه‌م له نێوان سوسیالیسته‌کان و
ئه‌حزابی به‌پارێزی کلاسیک.
سوسیال لیبرالیزم ناسیونالیزم به دیارده‌یه‌کی
فه‌ردی ده‌زانێت که خاوه‌نی ژیانێکی سه‌ربه‌خۆ
نییه. نه‌ته‌وه‌ش وه‌ک تاکی مرۆڤ واحیدێکی
لۆجیکه که هه‌وڵ ده‌دات بۆ مافی یه‌کسان.
"واحیدێکی یه‌کگرتووییه که زمان، که‌لتور،
شێوه ژیان، دامه‌زراوه و سیاسه‌تی هاوبه‌شیان
هه‌یه. مرۆڤ پێویستی هاوبه‌شیان و بڕوا به
هه‌ستی یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌رزش و به‌های
هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تی له هه‌موو دنیا دا هه‌یه.
هه‌روه‌ک باس کرا ئه‌م پرۆسه ده‌یان ساڵی پێ چوو
هه‌تا خۆی جێ خست. سه‌رده‌مێک بوو که هه‌ژاری و
ته‌نگده‌ستی خه‌ڵکیان ده‌شارده‌وه، ته‌نانه‌ت
هه‌بوونی چینی کرێکار و مافه‌کانیان ئینکار
ده‌کرا، به‌ڵام گه‌شه‌ی به‌رچاوی چینی کرێکار و
ته‌بدیل بوونی به هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ده‌کرا
چی دیکه ویست و داخوازیه‌کانیان له‌به‌ر چاو
نه‌گیرێت. هاوکات مه‌ترسی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی
کرێکار و بنده‌ستان، کۆمه‌ڵگه پێویستی به ڕێفۆرم
و چاکسازی هه‌بوو.
نایه‌کسانی، بن ده‌ستی، و نه‌داری لایه‌نێکی
دیکه‌ی گه‌شه‌ی پیشه‌یی له وه‌ڵاتانی دنیا بوو و
چی دیکه ئیمکانی شاردنه‌وه و حاشالێکردنی
نه‌بوو. سوسیال لیبراله‌کان هه‌م له لایه‌ن
به‌پارێزه‌کان و هه‌م له لایه‌ن به‌ره‌ی
سوسیالیسته‌کان ده‌که‌وتنه به‌ر ڕخنه، له
وه‌ڵاتانی ئوروپایی له نێوان به‌پارێز و سوسیال
دیموکراته‌کان قه‌راریان ده‌گرت.
نیولیبرالیزم(لیبرتاریانیزم):
له ساڵانی 70 ی زایینی، بزووتنه‌وه‌یه‌ک سه‌ری
هه‌ڵدا که خۆی به نیولیبرالیزم پێناسه ده‌کرد.
نیولیبرالیسته‌کان له لایه‌ک خۆیان
به‌درێژه‌ده‌ری ڕێبازی لیبرالیزمی کلاسیک ده‌زانی،
به‌ڵام له زۆر لایه‌ن جیاوازی تایبه‌ت به خۆیان
هه‌بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که خۆیان به لایه‌نگری
لیبرالیزمی کلاسیک ده‌زانی، به‌ڵام بڕوایان به
نوێکردنه‌وه و سازگارکردنی ئایدیولۆژی لیبرالیزم
له‌گه‌ڵ دۆخی سه‌رده‌م هه‌بوو. دوو ئه‌رزشی
سه‌ره‌کی که که‌لتوری ڕۆژئاوا به گرینگ
ده‌زانرێت: هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی ژیان به‌مه‌رجی
پێشێل نه‌کردنی مافی که‌سانی دیکه و
قه‌ده‌خه‌بوونی ده‌ست تێوه‌ردان له ژیانی شه‌خسی
خه‌ڵکانی دیکه، بناخه‌ی نیولیبرالیزمییه‌کان پێک
دێنا. هه‌روه‌ها ده‌بوو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه
بکرێت که ئازادی فه‌ردی ئه‌رزشی موتڵه‌قی هه‌یه،
ته‌نانه‌ت مرۆڤ ده‌توانێت بۆی هه‌بێت له ژیانی
شه‌خسی خۆی به شێوه‌ی نیگاتیڤیش که‌ڵک وه‌ربگرێت،
بۆ وێنه له‌شی خۆی بفرۆشێت، مادده‌ی بێهۆشکه‌ر
به‌کار بێنێت، یان له‌ش و ڕووحی خۆی بریندار بکات.
مافی بیروڕا ده‌ربڕین له نیولیبرالیزم
سه‌ره‌کییه، به‌ڵام نابێت ڕێگری بکرێت و سانسور
له گۆڕێ‌دا بێت، ته‌نانه‌ت ده‌ربڕینی هه‌ستی
ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه، یان شێوازی دیکه‌ی پێشێل
کرانی که‌سایه‌تی مرۆڤه‌کان به‌ڕه‌سمی ده‌ناسرێت،
به‌ڵام هه‌موو که‌س بۆی هه‌یه له هه‌مبه‌ر
بیروباوه‌ڕی زۆرملی و داسه‌پاو به‌ره‌نگاری بکات.
بۆ وێنه کتێب فرۆشێک بۆی هه‌یه له وه‌رگرتنی
کتێبێک که نایهه‌وێت بێته نێو بازاڕ، خۆی
بپارێزێت. مالکیه‌تی شه‌خسی پیرۆزه و نابێت
به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پێشێل بکرێت، ئه‌مه مافێکی
سروشتییه. خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه و چاپه‌مه‌نی
هیچ ئیجبارێکیان له مه‌ڕ بڵاوکردنه‌وه، یان
بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی ووتار و کتێب له‌سه‌ر نییه،
بۆیان هه‌یه بۆخۆیان دیاری بکه‌ن که چی بڵاو
بکه‌نه‌وه، یان بڵاو نه‌که‌نه‌وه.
نیولیبرالیزم له پراکتیکدا:
له بریتانیا و ئه‌مریکا له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی
ماگارێت تاچێر و ڕۆناڵد ڕێیگان نیولیبرالیزم
پراکتیک کرا. تاچێرله ساڵی 70 ی زایینی، بوو به
سه‌رۆک وه‌زیر و ده‌ستبه‌جێ هه‌زینه‌ی گشتی،
به‌تایبه‌ت هه‌زینه‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی که‌م
کرده‌وه.
هاوکات تاویه‌تیکردنه‌وه‌ی شه‌ریکه و ناوه‌نده
ده‌وڵه‌تی و گشتییه‌کان به خێرایی ده‌ستی پێکرا،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ره‌کانی گه‌وره‌ی پارتی کار
و ڕێکخراوه پیشییه‌کان به‌ره‌وڕوو بووه، که
هه‌م به‌هێزبوون و هه‌م ده‌سه‌ڵاتێکی یه‌کجار
زۆریان هه‌بوو. ڕێیگان له ساڵی 1981 ی زایینی،
بوو به سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا و هه‌مان سیاسه‌تی
به‌ڕێوه برد. ماڵیاتی بواره‌کانی ته‌جاره‌ت و
بازرگانی که‌م کرده‌وه، به‌ڵام ڕێیگانیزم
نه‌یتوانی ئابووری نه‌خۆشی ئه‌مریکا چاره‌سه‌ر
بکات و هه‌ڵماسین و قه‌یرانه‌کانی که‌م بکاته‌وه.
سیاسه‌تی ڕێیگانیزم له ئاکامدا ته‌نیا به زیانی
خه‌ڵکی که‌مده‌سه‌ڵات و که‌مداهات، به‌تایبه‌ت
خه‌ڵکی هه‌ژار و بێ ماڵ و حاڵی که‌نار
شاره‌گه‌وره‌کان ته‌واو بوو. ئابووری ده‌ره‌وه‌ش
ته‌نیا زیانی به خه‌ڵکی هه‌ژاری ئه‌و وه‌ڵاتانه
گه‌یاند که پێوه‌ندی ته‌جاره‌تی و بازرگانیان
له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌بوو و قه‌رزداری ئه‌مریکا و
ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی به‌ئه‌و په‌ڕی خۆی گه‌یاند.
لیبرالیزمی کورد:
تایبه‌ت ده‌بێت به چینی مام ناوه‌ندی نێو کۆمه‌ڵ،
به‌تایبه‌ت کوڕی جوتیارانی و هه‌ژاران که
خوێنده‌واری به‌رزیان به‌ده‌ست هێناوه. سیاسه‌ت و
هه‌ڵوێستی سیاسی له‌دوای ڕاپه‌ڕینی 1979 ی زایینی،
له ئێران جێ گۆڕکێی گه‌وره‌ی تێدا پێک هات.
کۆتایی شه‌ڕی ئێران و عێراق و که‌مبوونه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵات و نفووزی تاقانه‌ی ئه‌حزابی کلاسیکی
کورد و... هاتنی کۆمه‌ڵێکی زۆر له خه‌ڵک بۆ
ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی
بیرۆکه‌ی جۆراوجۆری سیاسی و له‌وانه لیبرالیزم.
لایه‌نگرانی پێشووی گۆڕان بوون به لایه‌نگرانی
ده‌ست تێوه‌رنه‌دانی دۆخه‌که و به‌شمه‌ینه‌تی کورد
به‌وان چاره‌سه‌ر نه‌کراوه.
مه‌ی 2008
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|