|
"شغال بیشه‌ی مازندران
را نگیرد جز سگ مازندرانی"
ته‌نزی هه‌ڵبژاردن
چه‌توون
با کاتی تۆی خوێنه‌ر له خۆڕا نه‌گرم و تۆزیک له
سه‌ر سه‌ردێری بابه‌ته‌که‌م بدوێم. له به‌ر
ئه‌وه پێوه‌ندیه‌کانی هه‌ڵوێست ئاگاداریان
کردمه‌وه که خوێنه‌ری واشیان هه‌یه فارسی
نازانێ، سه‌ره‌تا ئه‌و تیتره‌ی که هه‌ڵم بژاردوه
ده‌گێڕمه‌وه سه‌ر کوردی و پاشان باسه‌که‌م درێژه
ده‌ده‌م. چوونکه گه‌ر وام نه‌کردبای ئه‌گه‌ری
بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی له لایه‌ن هه‌ڵوێسته‌وه
ده‌بینرا!
له هه‌ر حاڵ ئه‌و تیتره("شغال بیشه‌ی مازندران
را نگیرد جز سگ مازندرانی") کوردی‌یه‌که‌ی
ده‌بێته ئه‌وه که: چه‌قه‌ڵی لێڕه‌واری
مازه‌نده‌ران( ناوچه‌یه‌که له باکووری ئێران)
هێند دڕ و فێلبازن، ته‌نیا سه‌گی ئه‌و ناوچه‌یه
پێیان ده‌وێرن. جا بۆچی ئه‌و په‌نده‌م
هه‌ڵبژاردوه؟
له‌مێژ ساله ئه‌و په‌نده‌م بیستبوو(یا له کتێب‌دا
خوێندبوومه‌وه) و زۆرم پێ جوان و پڕ مانا بوو.
زۆرجار رێکه‌وتوه که تووشی مه‌وزووع و
ته‌وه‌ره‌یه‌ک بووم که ئه‌و په‌نده پڕ به پێستی
بووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی من زۆرتر له
جوعرافیای کورده‌وراری تێناپه‌ڕم، به‌کار هینانیم
به نامۆ ده‌زانی. به‌ڵام کاریان ڕاست بێ
حکوومه‌تی ئێران و هاتنه‌گۆڕی هه‌ڵبژاردن و دێباتی
چوار به‌ربژاره‌که‌ی ده‌سنیشان کراوی شوورای
نگابان، ده‌ره‌تانی به‌کار هێنانی په‌نده‌که‌یان
بۆ ره‌خساندم. به‌تایبه‌ت ئه‌حمه‌دی نژاد به
هه‌ڵسوکه‌وتی له‌به‌رابه‌ر کاندیدا دژبه‌ره‌کانیدا
و هه‌وڵدانی بێ‌پڕه‌نسیپانه بۆ ڕاگرتنی
ده‌سه‌ڵات، یارمه‌تی ده‌ری سه‌ره‌کی بوو.
ئه‌ڵبه‌ت هه‌ر لێره‌شدا ئه‌وه بڵێم که ئه‌م
نووسینه که یه‌که‌مین و (ره‌نگه) ئاخرین
نووسینی من له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌بێ، ته‌نیا به
ئه‌و مه‌سه‌له‌وه گرێ ناده‌م و به پێویستی
ده‌زانم وه‌ک ته‌نزیش یه‌ک دوو پلار و به‌رد له‌و
شۆڕشگێره کوردانه بگرم که تا چه‌ند رۆژ پێش بۆ
رزگاریی کوردستان وشه‌ی ئێرانیان به کلکی
رێکخراوه‌که‌یانه‌وه تووڕ ده‌دا و به کۆماری
کوردستان که‌متر قایل نه‌ده‌بوون.
وادیاره هه‌ویرێکی زۆرم گرتوه‌ته‌وه و پێویستم
به ئاوێکی زۆر ده‌بێ.
هه‌ر که شه‌ڕی هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێکرد، کۆنه
شێخێک که خۆی حوکمی حکوومه‌تی بۆ خامنه‌یی داتاشی
و نه‌یهێشت گه‌ڵاڵه‌ی ئیسڵاحی قانوونی مه‌تبووعات
بچێته مه‌جلیس، خۆی وه‌ک به‌ربژار ناساند و
شوورای نگابانیش پێشوازی لێکرد.ئه‌م شێخه
واوێده‌چوو که خاوه‌ن که‌رامه‌تیش بێ، چوونکه
باش ده‌یزانی کۆمه‌ڵگه به‌ده‌ستی چی‌یه‌وه
ده‌ناڵێنێ. واته ئه‌وه‌ی خه‌ڵک هاواری بۆ ده‌کرد
و بۆ ئه‌ستاندنی پێی نابووه پێش(کێشه‌ی ژن و
مافه‌کانی، کێشه‌ی مه‌عیشه‌تی خه‌ڵک و کێشه‌ی
نه‌ته‌وه سته‌ملێکراوه‌کان) ، ئه‌م شێخه کردیه
دروشمی هه‌ڵبژاردنی خۆی. ئه‌ڵبه‌ت هه‌رکامیان به
شێوه‌یه‌کی چه‌واشه‌کراو و له‌خشته بردوو!!
پاش ئه‌و سه‌روه‌زیرێکی کۆن که به سه‌ید
ده‌ناسرێ (له گه‌ڵ سه‌یده موعتاده‌که‌ی فیلمی
گه‌وزنه‌کان تێکه‌ڵی نه‌که‌ن) هاته مه‌یدان.
ئه‌ویش خۆی به خه‌تی ئیمام و ئیسڵاحگه‌را(ئه‌م
وشه خۆم دام تاشێوه و دوو وشه‌ی ئیسڵاح‌ته‌ڵه‌ب
و ئوسوولگه‌را‌م لێک داوه و ئه‌وه‌ی
لێده‌رکه‌وتوه) ناساند . کاتێک پرسیاریان لێکرد
خۆ تۆش کوشتاری هه‌زاران زیندانی و 10 ساڵ
سه‌رکوتی خوێناویت له جانتادایه،وتی من
سه‌رۆک‌وه‌زیر بووم و ئاگام له زیندان و کاری
ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌کان نه‌بووه.
ئه‌وی تریان که هاتووه ،وه‌زعه‌که بگۆڕێت
کابرایه‌که ، که خودا هه‌ڵناگرێ خۆشی ناڵی که
جه‌نایه‌تکار نه‌بوه( ئاخر له لایه‌ن پۆلیسی
نێونه‌ته‌وه‌یی- ئینتێرپۆڵ-ه‌وه بڕیاری گرتنی
دراوه).
ئه‌م سێ که‌سه‌و سه‌رکۆماری ئێستا له زه‌نجیره
ديباتێکدا پێکه‌وه که‌وتنه یه‌کتر له‌قاو دان.
پاش ئه‌و دێباتانه، ئه‌وه‌ی تائیسته
ئێمه‌مانان(خێڵێ به‌ره‌نداز) له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی
ئیسلامی ده‌مانگوت و سزای ئێعدام بوو، ئه‌وان
خراپیتر و زۆرتریان به‌یه‌کتر گوت. کوردیه‌که
بڵێم، به‌ربوونه گیانی یه‌کتر و هیچیان
به‌یه‌کتره‌وه نه‌هێشت. پاش ته‌واو بوونی ئه‌و
مونازره و دێباتانه، ئه‌وه‌ی که بێ تاوان
ده‌رچوو، ته‌نیا خواجه حافزی شیرازی بوو.
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش شانسی هێنابوو 700 ساڵ پێش
مردبوو، ئه‌گینا دڵنیام زیندوو بوایه هه‌ر پرشێکی
دزی و گه‌نده‌ڵیی به‌ر ده‌که‌وت.
ئه‌و تاوان و ڕاستی‌یانه(له‌باتی بوختان ئه‌م
وشه‌یه‌م هه‌ڵبژاردوه) سه‌رکۆماری ئێسته و
سه‌رکۆماره‌کانی داهاتوو له‌یه‌کتریان دا
ئه‌مانه بوون: کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی ئیران
له 24 ساڵی ڕابردوودا (بێجگه له چوارساڵی
ئێستای ئه‌م سه‌رکۆماره)، دز، گه‌نده‌ڵ و تالانچی
و دژی خه‌ڵک بوون. له‌به‌رابه‌ردا ئه‌و سێ
که‌سه‌که‌ش، بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ش هیچیان
نه‌هێشته‌وه و ئه‌وه‌ی ناو ناتووره‌ی ناشیرین و
قه‌بێحه پێشکه‌شیان کرد.
باوه‌ڕ بکه‌ن هه‌ر کات چاوم له مونازره‌کان
ده‌کرد و ده‌مدیت چۆن قسه‌ی دڵی خه‌ڵک ده‌که‌ن،و
ڕاستی‌یه‌کانی جه‌نایه‌ت و تاڵان و بڕۆ و
گه‌نده‌ڵیی حکوومه‌ته‌که‌یان له‌قاو ده‌ده‌ن، هه‌ر
به‌ده‌م گۆرانی‌ێه‌وه ئه‌و په‌نده‌م ده‌گوته‌وه
، ئاخر له‌و کاتانه‌دا زه‌وقم پشکووتبوو و
ئاوازێکم له‌سه‌ر دانابوو. له‌و رۆژانه‌دا
ئه‌وه‌نده ئه‌و په‌نده‌م به گۆرانی دووپات
کربوه‌وه ، کوڕه‌که‌م که فارسی هه‌ر نازانێ،
فێری بووبوو.
******
وه‌ک ده‌زانین پاش 30 ساڵ یه‌ک دوو حیزبی کوردی
ده‌رکه‌وتوون که خه‌ریکن لاسای حیزبی تووده
ده‌که‌نه‌وه، واتا کڵاوی دروشمی حکوومه‌ت (یا
حکوومه‌تگه‌ران)یان چووته سه‌ر و به‌ناوی نۆێ
خوازی و "خه‌باتی مه‌ده‌نی" خه‌ڵک بانگ ده‌که‌ن
که ده‌نگ بده‌ن. من ده‌زانم پاش هه‌ڵبژاردن
هه‌رچی ده‌نگ به‌حکوومه‌ت بدرێت، ئه‌مان ده‌ڵێن
ئه‌وه خه‌ڵک به پیری تاکتیکی ئێمه‌وه
هاتوه.به‌ڵام قه‌ی ناکات با دڵی خۆیان به‌وه خۆش
بکه‌ن و شتێکیان بۆ باسکردن ده‌سکه‌وێت. به‌ڵام
دڵنیاشم پاش ماوه‌یه‌ک که هه‌راو هوریای
هه‌ڵبژاردن نیشته‌وه و حکوومه‌ت چووه‌وه سه‌ر
دۆخه‌که‌ی جارانی، بۆ ئه‌مان زۆر سه‌خت و دژوار
ده‌بێ بگه‌ڕینه‌وه سه‌ر دۆخه‌که‌ی جارانیان، ئاخر
کورد ده‌ڵی: به‌رد له جێگه‌ی خۆی قورسه!
ناوی تووده‌م هێنا حه‌یفم لێدێ باسێکی ئه‌م
"فوسیل"انه‌ش نه‌که‌م.
نازانم چه‌نده سه‌ری بڵاوکراوه مه‌جازی‌یه‌کانی
ئێرانی ده‌ده‌ن؟ به‌ڵام گه‌ر کاتتان هه‌بوو تا
هه‌لبژاردن ته‌واو نه‌بووه سه‌رێکی ماڵپه‌ڕی
"په‌یک نێت"، که ماڵپه‌ڕی به‌شێک له پاشماوه‌ی
تووده‌ییه‌کانه، بده‌ن و ببینن که چۆن ئه‌م
لاشه بۆگه‌نیوه له گۆڕستانی مێژوو به زه‌بری
شۆڕشی مه‌جازی سه‌ری هه‌ڵهێناوه و بۆنی گه‌نیوی
ئینتێرنێتی‌شی قڕ کردوه. هاوکات گه‌ر له ناوخۆن
رۆژنامه‌یه‌کی که‌یهان چاولێ بکه‌ن و گه‌ریش له
ده‌رێن،سه‌رێکی ماڵپه‌ڕی ئه‌و رۆژنامه بده‌ن
بزانن حوسێنی شه‌رێعه‌تمه‌داری(مۆره‌ی ئه‌منیه‌تی
و جه‌نایه‌تکاری ناسراوی حکوومه‌ت) چۆن به شان و
باڵی ئه‌حمه‌دی نێژاددا هه‌ڵده‌ڵی . ئه‌م جار
له‌گه‌ڵ ماستاو خه‌ست کردنه‌وه و نۆکه‌ر سیفه‌تیی
تووده‌یه‌کان که به شان با باهۆی سه‌یدی
گۆرین(موسه‌وی) دا هه‌ڵده‌ڵێن به‌راوه‌ردی بکه‌ن؛
ئه‌وسا ده‌بینن که هیچ جیاوازیه‌کیان نی‌یه.
ئه‌نجام: ئایا ئه‌و که‌سانه‌ی هیچ فشارێک له
سه‌ریان نی‌یه و ده‌بێ زبانحاڵی خه‌ڵکی
سته‌ملێکراو بن، له‌وه‌ی که له ئه‌نجامدا به
هاو هه‌ڵوێستی ئه‌م جانه‌وه‌رانه بناسرێن چ
هه‌ستێک پێیان ده‌س ده‌دا؟
تا ته‌نزێکی دیکه مالتان ئاوه‌دان
چه‌توون
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|