avatar

با سایتى 4 رۆژهەڵات سەحراروودیش دەعوەت بکات!

 شەبەنگ

سایتى 4 رۆژهەڵات کە خۆى بە سایتێکى کراوە و دەربەست و دڵسۆزى گەلى کورد دەزانێ، بەپێچەوانەى بانگەشە و پیاهەڵوتنى هەندێ کەسى ناشى و ژورنالیستى ساویلکەى کورد، بەم هۆیانەى خوارەوە، خزمەت بە پێشکەوتنخوازى و یەکێتى نەتەوایەتى کورد ناکات.

1) ئەم سایتە زیاتر کێشە و ناکۆکى نێو هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆنى کورد زەق دەکاتەوە، نەک کێشەکانى کۆمارى ئیسلامى.

 2) ئەم سایتە زۆر جار هەواڵى درۆ بڵاودەکاتەوە: ماوەیەک پێش هەواڵى دانیشتنى فەرماندەى هێزەکانى ئەمریکاى لەگەڵ چوار رێبەرى کورد (مستەفا هیجرى، ع حسن زادە، ع مهتەدى، ح یەزدان پەنا) لە هۆتێل پاڵاس بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەم هەواڵە درۆى پەتى بووە.

 3) ئەم سایتە زۆر جار بابەتى کۆنە جاش و پاسدارەکان لە باشترین شوێنى سایتەکە دادەنێت، وەک وتارەکەى سید هاشم هدایتى و لایەنگرانى احمد مفتى زادە و ...

 4) بێ پرنسیپى، کەسى یەکەمى ئەم سایتە کە ماوەیەک پێش به‌رواڵه‌ت کشانەوەى خۆى لە کار کردن لەم سایتەدا راگەیاند، پێشتر زنجیرە گفتۆگۆیەکى دەست پێکردبوو کە لە دانیەل میترانەوە دەستى پێدەکرد تا دەگەیشت بە عەزیز وەیسى و هتد، نازانم ئەگەر کەسێک خاوەن ئوسول و پرنسیپ بێت و سەرلێشێواو نەبێت و لەگەڵ بیرمەندان و سیاسەتزانان و کەسانى هیۆمانیست دیالۆگ بکات، ئاخۆ دەبێ مەبەستى لە وتووێژ لەگەڵ عەزیز وەیسى چى بێت!؟

5) سایتى 4 رۆژهەڵات لە درێژەى میوانەکانى دا کە وڵامى پرسیارى خوێنەران دەدەنەوە، (ئەڵبەت تا ئێستا زۆرێک لەم میوانانە کەسانێکى شیاو نەبوون) سەرئەنجام وێنە و بیۆگرافى رەحمان حسێن زادەى دانا هەتا وڵامى پرسیارى خوێنەران بداتەوە.

 لێرەدا بۆ ئەوەى بەکورتى سیماى واقعى کۆمۆنیزمى کرێکارى و "حیزبى نگبەتیسم" دەربخەم، وتەیەکى دکتۆر شجاع الدین شفا بە قیاس دێنمەوە. شەفا لە باسێکدا وتى: خەڵکى ئێران لە مێژووى پڕ هەوراز ونشێوى خۆیاندا زۆر زۆڵم و کارەسات و چەرمەسەرییان چێشتووە، هیرشى ئەسکەندەر، هێرشى عەرەب، هێرشى مەغوول، هێرشى تەیموور و ... کوشتن و بڕین و دروستکردنى گردۆڵکە و مەنارە بە کەلەسەرى خەڵکى ئێران و هتد و ...، بەڵام هەموو ئەمانە بە رادەى ژەهرى جمهورى ئیسلامى بۆ کۆمەڵگە و کولتوورى ئێران کوشندە و پڕخەسار نەبووە، بەجۆرێک کە کاریگەرى ئەم ژەهرە چەپەڵە رەنگە دەیان ساڵى تر لە کۆڵ جەستەى نەخۆشى کۆمەڵگەى ئێران نەبێتەوە. ئەزژى دەڵێم ئەو ژەهرەى کە مەنسوور حکمەت و هاوبیرانى رژاندیانە نێو جەستەى کۆمەڵەوە رەنگە بۆ ساڵانێکى تریش هەروا ئەم جەستەیە لەت لەت بکات و بە ئاسانى لە کۆڵى نەبێتەوە. وەک دەزانین کۆمەڵە تا ساڵى 1362 سەرەڕاى هەموو کەم ئەزموونى رێبەرانى و کەموکورتییەکانى، هێزێکى ئەکتیڤ و رەسەنى کوردستان بوو و لە خزمەتى هەژاران و زەحمەتکێشان دابوو. بەڵام بە تێکەڵ بوونى م حکمەت و هاوبیرانى کۆمەڵە تووشى نەخۆشیەکى کوشندە هات و بەجارێک تووشى دۆگماتیزم و ئیزۆلاسیۆن و دابڕان هات، بەجۆرێک کە تا ئیستاش هەر لەت لەت دەبێ و هێشتا هیچ کام لە لەتەکانى خاوەن ئاسۆیەکى روون و ستراتژییەکى رۆشن و ریالیستى نین.

رەحمان حسین زادە وەک یەکێ لە رێبەرانى حیزبى نکبەتیسم هەتا ئیستاش شانازى بە مه‌نسور حکمەتەوە دەکات و دوژمنایەتى کۆمارى ئیسلامی وەلاناوە و بە هەموو توانایانەوە دژایەتى بزاڤى رزگارى خوازانەى گەلى کورد دەکا و حاشا لە هەموو مێژووى کورد و رۆڵى پۆزەتیڤى رێبەرانى کورد دەکات. ئەم تاقمە کە لە لیدرەکەیان تەنیا "هەتاکى و فەحاشى" فێر بوون، وەک تاقمێکى ئێجگار دوگمى تۆتالیتێر، بێجگە لە خۆیان جنێو بە هەموو کەس و لایەنەکان دەدەن، تەنانەت بێجگە لە هێزە سیاسیەکان، بە بارەگاى بەرز و پیرۆزى شاملۆش دا هەڵدەوەڕن و جنێو بە هادى خرسندى یش دەدەن. ئەڵبەت ئەوە تایبەتمەندى هەر گرووپێکى پاوانخواز و تۆتالیترە.

من پێم وایە دەعوەت کردنى رەحمان حسین زادە لە لایەن سایتى 4 رۆژهەڵاتەوە "لە خۆشەویستى على دا نییە، بەڵکوو لە بۆغز(رق و قین)ى عومەر دایە!" بەڕێوەبەرانى 4 رۆژهەڵات وەک هەندێ لەو کەسانە کە کاتێ دۆکتۆر قاسملو ویستى "کورتە باس" وەک بەرنامەى حیزبى دیموکرات پەسەند بکات حەپەسان و هەردى بوون، لە هەر جۆرە بیرێکى چەپى پێشکەوتنخوازانە سڵ دەکەن و پێیان خۆشە کە رەحمان و حیزبى نکبەتیسم جنێو بە باڵەکانى کۆمەڵە بدەن و نەهێڵن کۆمەڵەیەکى چەپ و رەسەن دروست ببێت، ئەگینا رەحمانیان خۆش ناوێت.

 رەنگە هەندێ لە خوێنەران بڵێن: دەى با رەحمانیش بێت و بەرەو رووى رەخنە و پرسیارى خەڵکى وشیار بێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم تاقمە دوگم و پاوانخوازە، کە دوژمنى ئازادى و دیموکراسى و کوردایەتین، باش بناسن و، بزانن بە چ شێوەیەکى ریاکارانە تەبلیغ و شانتاژ دەکەن و لە دژى بزاڤى رزگار کوردستان چۆن پڕوپاگەندەى ژەهراوى دەکەن، ئەوجار دەزانن کە باشترین سیاسەت لەئاست ئەمانە بایکوت کردنیانە.

سایتى 4 رۆژهەڵات ئەگەر خۆى بە سایتێکى دەربەست و بە پرنسیپ و دڵسۆزى گەلى کورد و دیسکۆرسى مۆدیرنى کوردایەتى دەزانێ، ده‌بێ به‌و رێبازه‌ی تائێستایدا بچێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها نابێ ده‌ره‌تان به‌ حێکمه‌تیزم وه‌ک دوژمنی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان بدات که‌ خۆی مەترەح بکات.

20 مورداد (  گه‌لاوێژ) ، سنه‌

 

 

 گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه‌ ئێره‌ کلیک بکه

تکایه‌ ئیشاره‌ بکه‌ن که‌ په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر کام بابه‌ته‌

مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه‌ ، به‌‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته‌ ئازاده‌


هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت      Copyright © 2004-2006 , www.helwist.com